رووناککەرەوەکان لەکار کەوتوون
شەقامە سەرەکییەکانى گەرمیان تاریکن
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
رووناککەرەوەکانى بەشێکی زۆر لە شەقامە سەرەکییەکانی گەرمیان لەکار کەوتوون و شەقامەکانیان تاریک کردووە، بەرپرسی ھۆبەی ئینارەکانیش دەڵێت، کارمەندمان نیە و فریا ناکەوین.
هەر شەقامێکى سەرەکى گەرمیان دەبینیت، بەشێکى زۆر یان هەموو رووناککەرەوەکانى لەکار کەوتوون و ژمارەیەکى کەمیان کار دەکەن، بەتایبەت شەقامەکانى ناو شارى کەلار و رزگارى و گردەگۆزینەوە و باوەنوو.
964 هەستى بە کێشەکە کرد و خستییە بەردەم عەدنان محەمەد، بەرپرسی ھۆبەی ئینارەکانی کەلار، ئەو وتى،” تەنیا پێنج کارمەندمان لەو بەشە هەیە و رووناککەرەوەى شەقامەکانیش زۆرن و فریایان ناکەوین، ئەمە جگە لەوەی کە ھیچ بودجەیەکمان بۆ تەرخان ناکرێت و لە نەسریەی فەرمانگەکەی خۆمان پێداویستییەکان دەکڕین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی 4ـى ساڵی پارەوە تەنیا ھەشت ملیۆن دیناریان بۆ خەرجکراوە و ئەو پارەیەش تەواو بووە.
بۆ رووناککردنەوەى شەقامەکان، هۆبەى ئینکارەکانى کەلار، چاوەڕێن پارەیان بۆ دابینبکرێت و جارێکى دیکە رووناکى بۆ شەقامەکان بگێڕنەوە.
“تاریکی شەقامەکان وای کردووە بەھۆیەوە چەندینجار رووداوی ھاتووچۆ رووبدات، بەتایبەت لە شەقامی سەرەکی نێوان کەلار بۆ رزگاری”، عەدنان محەمەد وای بە 964 وت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح