حەوت ساڵە ئەوەندە خەڵک نەچوون بۆ ئەوروپا
964+
هێمن بەکر – هەولێر
تەنیا لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو، نزیکەی 330 هەزار کەس هەوڵی بڕینی خاکی وڵاتانی ئەوروپایان داوە، ئەوە زۆرترینە لە ساڵی 2016ەوە، بە قسەی یەکێتی ئەوروپا.
ئەو ئامارە سەدا 64 زیاترە لە ساڵی 2021.
رۆژی 13ی کانونی دووەمی 2023، ئاژانسی فرۆنتێکس کە سەر بە یەکێتی ئەوروپایە لە راگەیەندراوێکدا ئەم زانیارییانەی بڵاوکردەوە.
تێیدا هاتووە، ئەوانەی خاکی ئەوروپایان بڕیوە بە زۆریی خەڵکی وڵاتانی سوریا، ئەفغانستان و تونس بوون، کە سەدا 47ی کۆی کۆچبەران پێکدەهێنن.
ئەوە جگە لەوەی نزیکەی 13 ملیۆن کۆچبەری ئۆکراینی سنورە ناوخۆییەکانی ئەوروپایان بڕیوە لە مانگی شوباتی 2022 تاوەکو کۆتایی ئەو ساڵە.
ساڵی 2015 زۆرترین کۆچبەر چوونە ئەوروپا لە مێژووی تۆمارکراودا، کە نزیکەی دوو ملیۆن کەس بوون، ساڵی 2016 کەمبووەوە بۆ 500 هەزار کەس، ساڵانی دواتریش لە دەوروبەری 100 هەزار بۆ 200 هەزار کەس بووە.