پەیوەندیی بە مۆڵەتەوە هەیە
فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین داواکاریی بۆ حەوزەکانی ماسی هەیە
964+
پێشەوا محەمەد
فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین داوا لە حەوزەکانی ماسی دەکات مۆڵەتی ژینگەیی دەربهێنن، بەڵام بەهۆی نەبوونی ستافەوە بەدواداچوونی تەواویان بۆ ناکرێت.
فەرمانگەکە بەهۆی نەبوونی ستاف و لیژنەوە نەیتوانیوە ئاماری تەواوی حەوزەکانی ماسی وەربگرێت، بەڵام بە وتەی بەڕێوەبەرەکەی بەشێکی زۆریان مۆڵەتی ژینگەییان نییە.
محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ئەو حەوزانەی ئێستا دروستدەکرێن دەبێت مۆڵەتی فەرمانگەکەی ئەوانیان هەبێت، بەڵام ئەوانەی پێشتر کراون بەشی زۆریان مۆڵەتی ژینگەییان نییە.
وتیشی، “بەهۆی نەبوونی توانا و ستافەوە بۆ لیژنە ناتوانین بەسەر هەموویاندا بچین و ناچاریان بکەین بە دەرهێنانی ئەو مۆڵەتە، هەر بەو هۆیەشەوە نەمانتوانیوە ئاماریان وەربگرین ئاخۆ چەندیان بێمۆڵەتن و چەندیان مۆڵەتیان هەیە”.
بەپێی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2024ـی دەستەی ژینگەی هەرێم، حەوزی ماسی نابێت نێوانیان لە 150 کەمتر بێت و نابێت ئاوی بیر بەکاربهێنن، هەروەها دەبێت رەچاوی ئەو دەرمانانە بکەن دەیدەن بە ماسییەکان کە زیانیان بۆ ژینگە و خاکەکە نەبێت.
“وەزارەتی کشتوکاڵ بە نووسراوێک پێیڕاگەیاندووین، پێویستە حەوزەکانی ماسی مۆڵەتی ژینگەییان هەبێت”، محەمەد کەریم وای وت.