گوایە شێوێندراوە

ساغکردنەوە.. شەوی رابردوو هیچ پەیکەرێکی پارکی منارە نەشکێندراوە

964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر

ئەمڕۆ وا بڵاوکرایەوە چەند پەیکەرێکی پارکی منارەی شاری هەولێر شکێندراوە یان شێوێندراون، دوای سۆراغی 964 دەرکەوت ئەو وێنانەی لەبارەی شکانی پەیکەرەکە بڵاوکراونەتەوە کۆنن.

رێبین ئەحمەد، بەرێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە964ی وت، لەماوەی رابردوودا چەند پەیکەرێکی ئەو پارکە شکێندرابوون، بەڵام دوای ئەمە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا چاککرایەوەو کامێرای چاودێریان بۆ دانرا، ئەوەی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، وێنەی کۆنن و ئەمڕۆ نین.

پارکی منارەی شاری هەولێر، بەناوی منارەی کۆنی ئەوشارە ناونراوە و 30 پەیکەری کەسایەتییە کوردەکانی هەرچوار پارچەی کوردستانی لێیە و ئەم پارکە دەکەوێتە سەر شەقامی هەڵەبجەی شەهید و بەرامبەری پارکی شانەدەرە.