دانیشتن له مزگه‌وتێكی پێنجوێن له دواى نوێژى ته‌راویح و باسكردنى له پاراستنى ژینگه... وێنه: رێكخراوی ملەكەوە
"مله‌كه‌وه" گونده‌كان به‌سه‌رده‌كاته‌وه
له دواى نوێژى ته‌راویح باس له پاراستنى ژینگه ده‌كه‌ن
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له به‌شێكى گونده‌كانى سنوورى پێنجوێن له دواى نوێژى ته‌راویحه‌وه، ده‌ست به باسكردنى پاراستنى ژینگه ده‌كرێت و رێكخراوێكى ژینگه‌یی ئه‌م كاره ده‌كات.
رێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستنی ژینگە، ساڵانه وه‌ك نه‌ریتێك له مانگى ره‌مه‌زاندا گونده‌كان به‌سه‌رده‌كاته‌وه و بۆ ئه‌مساڵیش تا ئێستا دوو گوندیان به‌سه‌ركردووه‌ته‌وه مهبهستیشانه گوندى زیاتر به‌سه‌ربكه‌نه‌وه.
رێبوار كه‌مال، سه‌رۆكى رێكخراوى مله‌كه‌وه، به 964ـى وت، ئه‌مساڵ هه‌ر یه‌ك له گونده‌كانى دارۆخان و دۆڵهسووریان به‌سه‌ركردووه‌ته‌وه و دواى ته‌واوبوونى نوێژى ته‌راویح باس له پاراستنى ژینگه بۆ ئاماده‌بووانى مزگه‌وته‌كان ده‌كه‌ن.
وتیشی “به‌ر له‌وه‌ى بچینه هه‌ر گوندێك له‌گه‌ڵ مامۆستای مزگه‌وته‌كان قسه ده‌كه‌ین و به هه‌ماهه‌نگی مامۆستاكه ئه‌م باسانه بۆ خه‌ڵك ده‌كه‌ین”.
ئه‌م بابه‌تانه‌ى بۆ خه‌ڵكی باسده‌كه‌ن بریتین له پاراستنى دارستان و سه‌رچاوه ئاوییه‌كان و پیس نه‌كردنى ژینگه و رێگه‌نه‌دان به راوكردنى باڵنده و ئاژه‌ڵه كێویه‌كان.
رێبوار ده‌ڵێت، بۆ به‌شێك له‌و گوندانه ده‌زگاى كوژاندنه‌وه‌ى ئاگریان دابینكردووه بۆ ئه‌وه‌ى له‌وه‌رزى وشكبوونى گژو گیا پارێزگارى له دارستان و پاوانه‌كان بكه‌ن.
رێكخراوى ملەكهوه له پلانیدا بۆ ره‌مه‌زانى ئه‌مساڵ چوار تاوه‌كو پێنج گوندى دیکه‌ش به‌سه‌ر بكاته‌وه و رێنماییه ژینگه‌ییه‌كان به خه‌ڵكه‌كانیان بڵێنه‌وه.