لە لەندەن پارێزرابوون

دەستنووس و خەنجەرەکەی تۆفیق وەهبی بەگ رادەستی بنکەی ژین کرا

964+
ئەحمەد مستەفا

هەشت دەستنووس و خەنجەرەکەی موتەسەریفی سلێمانی ساڵی (1930) تۆفیق وەهبی بەگ، لەلایەن نەوەکانییەوە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیاوە هێنرایەوە و رادەستی بنکەی ژین کرا لە سلێمانی.

رادەستکردنەکە رۆژی 17.3.2024 بووە بە بنکەی رۆشنبیری ژین لە سلێمانی، کە کاری دیکۆمێنتکردن و هەڵگرتنی بەڵگەنامە و دەستنوسە مێژووییەکانە، ئەو بەڵگەنامانە لەلایەن نەوەکانی تۆفیق وەهبییەوە، بۆ سێیەم جار و وەک بەشێکی‌ تر لە پاشماوە کۆکراوەکانی تۆفیق وەهبی‌ بەگ ئاڕاستەی بنکەکە کرا.

سدیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بنکەی ژین بە 964ی وت، ئەو بەشەی رادەست کراوە لە هەشت دەستنووس و خەنجەرێکی تایبەت پێکدێت کە کاتی خۆی هەر بۆ جوانی بەکارهاتووە، خەنجەرەکە، کە دەستکردی دوا دواییەکانی سەدەی نۆزدەهەمی ناوچەی کوردەواری خۆیەتی، دەم 12 گرێی ‌چەماوەی دەسک و کێلان رووپۆشکراوی زیوینی نەخشدار و پڵپڵەدارە، و درێژییەکەی بە کێڵانەوە 24 گرێیە.

بە قسەی سدیق ساڵح بێت، گەورەپیاوانی رۆژگاری خۆی، ئەم خەنجەرەیان بۆ جوانی بە قەدیاندا کردووە، دەستنوسەکانیش گێڕانەوەی ئەزموون و کاری جڤاکی تۆفیق بەگ و رووداوە مێژووییەکانە، ئەم بەشەی کۆکراوەکەوەش لەلای رۆزمێریی هاوسەری کۆچکردوو دکتۆر سزا تۆفیق وەهبی پارێزرابوو، کە پێش دوو مانگ بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی‌ دواییی کرد.

تۆفیق وەھبی‌ بەگ لە (1ی کانوونی دووەمی 1891 بۆ 5ی کانوونی دووەمی 1984)ی زاینی ژیاوە، نووسەر، زمانەوان، مێژوونووس، سیاسەتمەند و ئەفسەری سەربازی بەناوبانگی‌ کورد بووە، کە کۆلێژی سەربازی‌ لە ئەستەمبوڵ تەواو کردووە و بووە بە ئەفسەر، ساڵی‌ 1929 کراوە بە فەرماندەی‌ کۆلێژی‌ سەربازیی‌ لە بەغدا، دواتر لە ساڵی 1930 کراوە بە موتەسەریفی پارێزگای سلێمانی.

ساڵی‌ 1943 بووە بە ‌وەزیری‌ ئابووریی و ساڵی‌ 1948بووە بە وەزیری‌ مەعاریف، ئەندامی‌ کۆمەڵەی‌ جوگرافیاناسانی‌ بەریتانیا بووە، شەش زمانی زانیوە، لە چلەکانی سەدەی رابردوودا رۆڵێکی‌ بەرچاوی‌ لە سیاسەتی‌ عێراقدا ھەبووە، شارەزایی لە ‌بواری‌ شوێنەوارناسیی‌ کوردستاندا ھەبووە، چەندین نووسینی لەو بارەیەوە بڵاوکردوەتەوە.

دەستنووسە مێژووییەکانی سلێمانی بەدیجیتاڵی دەکرێن

دەستنووسە مێژووییەکانی سلێمانی بەدیجیتاڵی دەکرێن

گوندێکی مێژوویی لە سلێمانی زیندوو دەکرێتەوە

گوندێکی مێژوویی لە سلێمانی زیندوو دەکرێتەوە

پیاوێکی 66 ساڵە نایەڵێت وتار و زانیارییەکانی پیرەمێرد ل...

پیاوێکی 66 ساڵە نایەڵێت وتار و زانیارییەکانی پیرەمێرد لەناوبچن