هەڵمەتەکە دەستیپێکرد

سواڵکەرەکانى ناوشارى سۆران دەستگیرکران

وریا فەتاح

هەڵمەتى دەستگیرکردنى سواڵکەرەکانى ناو شارى سۆران دەستیپێکرد و ژمارەیەکى زۆریان دەستگیرکران.

شەماڵ دێواری، وتەبێژى پۆلیسى سۆران بە 964ـى وت، “لەسەر داواکارى و گلەیى و گازندەى هاوڵاتیان، هەڵمەتێکى دەستگیرکردنى ئەو کەسانەمان دەستپێکرد کە لەناو بازاڕ و گەڕەکەکانى سۆران سواڵیان دەکرد”.

هەرچەندە ژمارەى ئەو سواڵکەرانەى ئاشکرا نەکرد کە دەستگیرکراون، بەڵام بەپێى ئەو وێنانەى پۆلیسى سۆران بڵاوى کردووەتەوە لانیکەم 12 سواڵکەر دەستگیرکراون و کەسانى کەمئەندام و منداڵیش لەناویاندایە.

بەوتەى وتەبێژى پۆلیسى سۆران، ئیستا لەگەڵ دادوەر لەسەر هێڵن، هەر سواڵکەرێک پێشتر بەڵێننامەى پێ پڕنەکرابێتەوە ئەمجارە بەڵێننامەى پێ پڕدەکرێتەوە و دادوەر دەرفەتێکى دیکەى دەدات و ئازاد دەکرێت، بەڵام ئەوەى پێشتر بەڵێننامەى لێوەرگیرابێت، رووبەڕووى دادگا دەکرێتەوە و سزاى یاسایى خۆى وەردەگرێت.

“ئەو کەسانەى دەستگیرکراون خەڵکى جیاوازیان تێدایە، بەشێکى زۆریان خەڵکى دەرەوەى سۆران و دەرەوەى هەریمى کوردستانن”، شەماڵ دێوارى واى وت.