جوتیارانی كۆیە: گاز نەبێ گەنم نییە

میدیازان – كارزان جرجیس – كۆیە

بەشێک لە جوتیارانی کۆیە – میدیازان

جوتیارانی گوندەكانی دەشتی كۆیە دەڵێن بەهۆی گرانی نرخی گازوایلەوە ناتوانن ئەمساڵ بەرهەم بچێنن و چاوەڕێی قەیرانی نەبوونی گەنم بكەن.

ئەم هۆشدارییە ئەمڕۆ لەزاری فەقێ‌ عومەر تیمارۆكی نوێنەری جوتیارانی 170 گوندی دەشتی كۆیە هاتە دەرەوە کە لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند.

فەقێ وتی “ماوەی دوو ساڵە بەهۆی وشكە ساڵییەوە زیانێكی زۆرمان بەركەوتووە، لە ئێستاشدا بەهۆی گرانی نرخی گازوایلەوە جوتیاران ناتوانن زەوییەكانیان بكێڵن و بەروبوومەكانیان بچێنن”.

فەقێ‌ عومەر تیمارۆكی بەناوی جوتیارانەوە داوای لە حكومەتی هەرێم كرد؛ گازوایل بەنرخی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بۆ دابین بكرێت كە لیتری بە (250 – تا 450) دینار بۆ جوتیاران دابین دەكرێت ، چونکە لە هەرێم نرخی یەك لیتر گازوایل لەسەرووی (1000) هەزار دینارەوەیە”.