یەکێک لە شوێنەوارە رووخاوەکانی کۆیە - وێنە: بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری کۆیە
لە کوردستان
داوای بە دامەزراوەییکردنی کەرتی شوێنەوار دەکرێت
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەوار لە هەرێمی کوردستان داوای بە دامەزراوەییکردنی کەرتی شوێنەوار دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتێکیان لەوبارەیەوە داوەتە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
964 دەزانێت، لە یاداشتەکەدا داوایان کردووە چیتر کەرتی شوێنەوار لە کوردستان لە پەراوێزدا نەمێنێتەوە و لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی سەربەخۆی حکومیدا کۆبکرێتەوە.
یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە بە 964ـی راگەیاند، هەتا ئێستا شوێنەواری هەرێمی کوردستان چاوەڕێی وڵاتانی دەرەوە و رێکخراو و زانکۆ ئەوروپییەکانە، ئەوان نەبن هیچ کارێک لە ناوخۆ ناکرێت و کەرتێکی پەراوێزخراوە.
وتیشی، “کاری بەڕێوەبەرایەتییەکان پەرشوبڵاوە، ئەندازیار و پسپۆڕی شوێنەوارییان نییە، تەنانەت هەندێ بەڕێوەبەرایەتی کارمەند و پاسەوانی نییە، لە کاتێکدا کەرتی شوێنەوار زۆر گرنگە و پێگەی هەرێمی کوردستان زۆر دەباتە پێشەوە”.
لە هەرێمی کوردستان 11 بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار هەن.
“دەبێت ساڵانە بودجەی تایبەت بە کەرتی شوێنەوار تەرخان بکرێت و جگە لە هەوڵی رێکخراو و زانکۆ ئەوروپییەکان حکومەتی هەرێمیش دەستی باڵای هەبێت لە کنە و پشکنین و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان لە هەرێمی کوردستان”، ئەوەش قسەی یەکێتی واحیدە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوارەکانی هەرێم، پێنج هەزار و 800 شوێنەوار لە هەرێم دۆزراونەتەوە و تۆمار کراون.