بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان

تا ئێستا هیچ کاندید و لیستێک لە ئۆفیسى سلێمانى کۆمیسیۆن خۆى تۆمار نەکردووە

964+

وریا فەتاح

سەرەڕاى ئەوەى دوو رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر کردنەوەى دەرگاى پێشکەشکردنى لیستى پاڵێوراوان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بەڵام تائێستا هیچ کەس و هاوپەیمانێتى و لیستێک، فۆڕمی کاندیدبوونیان پڕ نەکردووەتەوە.

ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە 964ـى وت،”تائێستا نە کاندیدانى سەربەخۆ نە پارتەکان و نە هاوپەیمانێتییەکان، فۆڕمى پڕکردنەوەى کاندید بوونیان پێشکەش نەکردووە”.

رۆژى 13.3.2024 کۆمیسیۆن دەرگاى پڕکردنەوەى فۆڕمى کاندید بوونى بۆ سەرجەم هاوپەیمانێتى و پارت و کاندیدانى سەربەخۆ کردەوە و ماوەى 10 رۆژى پێدان و دەبێت تا 22.3.2024 ئەو هاوپەیمانێتى و پارت و کاندیدە سەربەخۆیانەى دەیانەوێت بەشدارى پڕۆسەکە بکەن، فۆڕم پڕبکەنەوە و بە وتەى ئامانج عەزیز، وادەکە درێژ ناکرێتەوە.

شێوازى پێشکەشکردنەکە، ئەلیکترۆنى و وەرەقییە و سێ جۆرى سەرەکییە (کاندیدى تاک سەربەخۆ، لیستى کاندیدانى پارتى سیاسى، لیستى کاندیدانى هاوپەیمانێتى)، هەموو  لینکێکیان پێشکەش دەکرێت و دەبێت داواکارییەکانى فۆڕمەکە بە شێوەیەکى دروست پڕبکەنەوە و دواتر کۆپییەکى بۆ کۆمیسیۆن دەگەڕێننەوە.

دواى پڕکردنەوە، فۆڕمەکە بۆ نوسینگەى سەرەکى لە بەغداد دەنێردرێت و لەوێشەوە ئاراستەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و پەروەردە لەلایەک و  دەستە دەستپاکى و بەڵگەو تاوان دەکرێت، ئەوانیش پێویستە لە ماوەى 15 رۆژ وڵامى کۆمیسیۆن بدەنەوە و ئەگەر سەرجەم زانیارییە پێشکەشکراوەکان راست بوون، فۆڕمەکە قبوڵ دەکرێت.

دواى قبوڵکردنى رۆژێکى بۆ دیارى دەکرێت لە تیروپشکى پێدانى ژمارەى کاندید بوون و هاوپەیمانێتییەکان ئامادەبێت.

دەرگاى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکان کرایەوە

دەرگاى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییەکان کرایەوە