ئه‌مساڵ چه‌ند كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه؟
ته‌قه‌مه‌نیه‌ك له سه‌یرانگایه‌كی سنورى دهۆك دۆزرایه‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ئه‌مڕۆ، ته‌قه‌مه‌نیه‌ك له سه‌یرانگایه‌كی سنورى پارێزگاى دهۆك بیندرا و له‌لایه‌ن تیمه‌كانى مینلابه‌رەوە هه‌ڵگیرایه‌وه.
ته‌قه‌مه‌نییه‌كه له جۆرى گولـلە هاوه‌نى 82 ملیم بوو، له سه‌یرانگاى گوندى نەهدارى سەر به قەزا شێخان، كه خه‌ڵك رووی تێده‌كه‌ن، دۆزرایه‌وه.
مینلابه‌ره‌كانى سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كاروبارى مینى دهۆك كه به EOD ناسراوه، دواى ئاگاداركردنه‌وه‌یان ته‌قه‌مه‌نییه‌كه‌یان له‌و شوێنه لابرد و له‌ناویان برد.
عه‌لى میرانى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌كنیكی له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى كاروبارى مینى هه‌رێم به 964ـى وت، ئه‌و ته‌قه‌مه‌نیه‌ى له‌ناوبراوه نه‌ته‌قیو بووه و به‌پێی ئه‌و پشكنینیه‌ى كه تیمه‌كه بۆ ته‌قه‌مه‌نییه‌كه كردوویانه، بۆ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه ده‌زگاى كاروبارى مین به 964ـى داوه، ئه‌مساڵ دوو هاوڵاتى به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌ى مینه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه و هاوڵاتییه‌كیش بریندار بووه و رووداوى ته‌قینه‌وه‌كانیش له سنورى پارێزگاى سلێمانى بووه.