دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا - وێنە؛ میدیای ئەمریکا
"ئێستا بۆ رێککەوتن دەپاڕێنەوە"
ترەمپ: تەنیا کاتژمێرێکمان مابوو گورز لە ئێران بوەشێنین
وریا فەتاح
بەپێى تازەترین لێدوانى ترەمپ بێت، زۆرى نەمابوو گورز لە ئێران بوەشێنێت، دەشڵێت: ئێران لێیان دەپاڕێتەوە بۆ رێککەوتن.
کەمێک لەمەوبەر، دۆناڵد ترەم جارێکى تر لە بارەى گرژییەکانى نێوان واشنتۆن و تاران قسەى کرد و وتى،”ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.”
ئاشکراشى کردووە، کە تەنیا “یەک کاتژمێر” دوور بوون لە وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە دژى ئێران، بەڵام نەیشاردووەتەوە کە بژاردەکە بە کراوەیى ماوەتەوە و دەڵێت:”لەوانەیە ناچار بین لە داهاتوودا گورزێکی دیکە لە ئێران بوەشێنین، بەڵام دڵنیا نیم لەوەی کە ئایا روودەدات یان نا.”
وەک زۆربەى جارەکانى تر، ترەمپ هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی پێش خۆی و رایگەیاند، ئەگەر ئەو کۆتایی بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی سەردەمی ئۆباما نەهێنایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئێستا ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی دەبوو. هەروەها ئاماژەی بە لاوازیی پێگەی ئێستای تاران کرد و وتی: “ئێران ئێستا دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی رێککەوتنێکمان لەگەڵ واژۆ بکات.”
ئاماژەی بە رۆڵی وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە کرد لە هەوڵەکانی دیپلۆماسی و رایگەیاند: “سعودیە، ئیمارات، قەتەر و هەندێک لە وڵاتانی دیکەی کەنداو دڵنیاییان پێدام کە هەواڵی باش هەیە سەبارەت بە دانوستانەکان.”