باراناو و لافاو تێکیدابوو
رێگای گوندەکانی نارنجڵە و گوڵپ لە ناحییەی بیارە چاککرا
964+
پێشەوا محەمەد
رێگای سەرەکیی نێوان گوندەکانی نارنجڵە و گوڵپ چاککرا، دوای ئەوەی لافاو و بارانا و رێگاکەی تێکدابوو و بە وتەی بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە، کەڵکی بەکارهێنانی نەمابوو.
ئەو گوندانە دەکەونە ناحییەی بیارە و دانیشتوانی هەریەکە لە گوندەکانی گەچێنە، سەرگەت، باخە کۆن و چەند گوندێکی دیکە سوودی لێ دەبینن.
حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە بە 964ـی راگەیاند، رێگاکە زۆر زیانی پێگەیشتبوو، بە ئۆتۆمبێلیش هاتوچۆ تێیدا ئەستەم بوو، بۆیە چاککردنی زۆر پێویست بوو، چونکە رێگاکە هاتوچۆی زۆری گەشتیاریشی لەسەرە.
وتیشی، “دوو رۆژ کاری تێدا کرا و ئەمڕۆ چوارشەممە کۆتایی پێ هاتووە و ئێستا بۆ بەکارهێنان ئامادەیە”.
بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانی هەڵەبجە چاککردنی رێگاکەی گرتبووە ئەستۆی خۆی.
“رێگای گوندەکانی ترمان بە گشتی باشن و باران و لافاو زیانێکی وای پێ نەگەیاندوون پێویستیان بە چاکسازیکردن بێت”، بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە وای وت.