خەڵک ناویان لێ ناون

باڵندەکانی پشدەر رەنگی بەهاریان هێناوە

964+
محەمەد عەلی ــ پشدەر

بەهار وەرزی دەرکەوتن و خۆ نواندنی سروشتە، لە شاخ و کێوەکان تا رەنگاورەنگی باڵندەکان، ئەم وەرزە جیاواز لە وەرزەکانی تر چەندین جۆر باڵندەی رەنگاو رەنگ و بە چەندین دەنگی جۆراوجۆر دەرکەوتوون.

دەڤەری پشدەر لە سنوری ئیدارەی راپەڕین، ئەمساڵ لە جریوەی دەنگ و رەنگی ئەو باڵندانە بێبەش نەبووە، هەندێ لەو باڵندانە بەڕەنگی، سور، زەرد، سپی، رەش، فستقی خۆیان نمایشکردووە، هەریەکەیان لەلایەن هاوڵاتیانەوە ناوێکی جیاوازی لێ نراوە، ئەوانیش، پندە، زەردە زووڕە، چۆلەکەشاخە، سەرکەشکە، لەگەڵ چۆلەکە ماڵی، ئەمانەش وەک هۆیەک بۆ باشتر ناسینەوەیان.

ئەو باڵندانە، حەز بەکەشی فێنک و مامناوەند دەکەن، وەک وەرزی بەهار کە کەشوهەوایەکی لەبارە بۆیان، ئەم جۆرە باڵندانە لە بەیانییەکی زوودا بە چریکەکانیان، دەروبەریان پڕ دەنگ دەکەن، بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی پەیامنێری 964 بێت، باڵندەکان هێلانەیان لە ناو سروشتی ناوچەکە دروستکردووە، و وەچەشیان خستووەتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا