لە کۆی 9 ئەندام یەک ئەندامی مابوو

دوای زیاتر لە 24 ساڵ ئەنجومەنێکی نوێ لە شارەوانی تەق تەق دەستبەکاربوو

964+
بەرزان عوسمان – دوکان

ماوەی زیاتر لە 24 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکان نەکراوە، بەڵام ناحیەی تەق تەق بڕیاریداوە ستافێکی نوێ بۆ ئەنجومەنی شارەوانی هەڵبژێرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەکۆی نۆ ئەندامی ئەو ئەنجومەنە تەنیا یەک ئەندامیان ماوەتەوە و ئەوانی دی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە.

نەمر نیازی، سەرۆکی شارەوانی تەق تەق  بۆ 964 وتی، “نەبونی ئەنجومەن کێشەی بۆ شارەوانی دروست کردبوو، نەبوونی ئەنجومەن ئاستەنگی بۆ کاروباری هاوڵاتییان دروستکردبوو”.

بەوتەی سەرۆکی شارەوانی تەق تەق، ئەنجومەنی نوێ لە نۆ ئەندام پێک دێت، شەش ئەندامیان بەرپرسی فەرمانگەکان و سێ ئەندامەکەی تر نوێنەری هەریەکە لە یەکێتی زانایانی ئاینی و سەندیکای ئەندازیاران و سەندیکای مامۆستایان پێک هاتوون، بەپێی بڕیاری وەزارەتی شارەوانی دامەزراوە و پەیوەست بە یاسای ژمارە شەشی ساڵی 1993ی بەڕێوەبردنی شارەوانیەکان، کە لە پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان دەرچووە.

نەمر نیازی، دەڵێت: لەمەوبەدوا لەسنوری شارەوانیمان ئەنجومەن بڕیار دەدات لەچ شوێنێک پڕۆژە بکرێت یان نا، ئەمەش هەموو ئەو گومانانەی پێشتر دەڕەوێنێتەوە دەربارەی ئەوەی خزمەتی گەڕەکێک لە گەڕەکێکی تر زیاتر کرابێت.

ناحیەی تەق تەق سەربە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، لە حەوت گەڕەگ پێکدێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت.

دیسان پردەکەی تەقتەق تەقەی تێکەوت

دیسان پردەکەی تەقتەق تەقەی تێکەوت