گۆشتی سوور لە دوکانێکی گۆشتفرۆش. وێنە :964
زیاتر بەرز نابێتەوە
بۆچى نرخى گۆشتى سور بەرزە؟
964+
وریا فەتاح
بەهۆى ئەوەى ئێران و تورکیا رێگە بە هاوردەکردن و ترازێتى ئاژەڵى زیندوو بۆ هەرێمى کوردستان نادەن، نرخى گۆشتى سوور بەرز بووەتەوە.
ئاوات محەمەد، قایمقامى سلێمانى بە 964ـى وت،”هۆکارى بەرزبوونەوەى نرخى گۆشتى سوور ئەوەیە، لە وڵاتانى دراوسێوە رێگرى دەکرێت ئاژەڵى زیندوو بهێنرێتە هەرێم، بە تایبەت ئێران رێگە نادات بە ترانزێتیش ئاژەڵى زیندوو داخلى هەرێم بکرێت، تورکیاش رێکارەکانى بە تەواوەتى قورس کردووە”.
بە وتەى ئاوات محەمەد، هێنانى ئاژەڵى زیندوو بۆ هەرێمى کوردستان بە رێگەى وشکانى زۆر قورس بووە، تەنیا رێگەى فڕۆکە هەیە ئەویش کرێى گواستنەوەى زۆر زۆرە و کاریگەرى لەسەر دابەزاندنى نرخى گۆشت نابێت.
وەک ئەوەى قایمقامى سلێمانى بۆ 964 باسى کرد، ئەگەر ئاژەڵى زیندووى بەرهەمى خۆماڵى نەبووایە، نرخى گۆشتى سور زیاتر بەرز دەبووەوە.
لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی رابردوو، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیاری دا باجی سەر هاوردەکردنی گۆشتی سوور بە رێژەی 50% بۆ ماوەی ساڵێک کەمبکرێتەوە، هاوکات وا بڕیاڕە بەم نزیکانە 17 بۆ 19 هەزار سەر گۆلک (گوێرەکە) لە بەڕازیلەوە بگاتە عێراق.
ماوەی مانگێکە لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، نرخی گۆشتی سوور بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە بە جۆرێک نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور ئێستا لە بازاڕەکانى هەرێم بە 23 هەزار دینار و بەرزتریشە.