لە مانگی رەمەزاندا

لیژنەکان لە سلێمانی چاویان داناخەن

پێشەوا محەمەد

چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بۆ مانگی رەمەزان پلانی هەیە چاو دانەخەن و بەردەوام لە بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان ئامادە بن بۆ چاودێریی نرخ و دەستبەسەرداگرتنی خواردن و کەلوپەلی خراپبوو.

بەڕێوەبەرایەتییەکە چوار لیژنەی هەیە، هاوکات چوار ئەندامیشی لەناو لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانیدان و هەمان کار دەکەن.

بڵند ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ تا چاویان لەسەر بازاڕ بێت و رێگری لە گرانفرۆشی و ساغکردنەوەی خواردن و کەلوپەلی خراپبوو و بەسەرچوو بگرن.

وتیشی، “ئێمە سەرەتا هەرشوێنێک سەرپێچی بکات ئاگاداری دەکەینەوە، کە بووە دووەمجار دایدەخەین”.

قایمقامیەتی سلێمانیش بە هەمان شێوە لە رێگەی لیژنەکانییەوە لە چاودێریکردنی بازاڕ بەردەوام دەبن.

ئاوات ئەحمەد، قایمقامی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، دوو مانگە لە بازاڕ نرخی خواردەمەنی وەردەگرن و لە مانگی رەمەزاندا هەرشوێنێک لەو نرخەی وەریانگرتووە زیاتر فرۆش بکات بە سەرپێچی هەژماری دەکەن و شوێنەکان سزا دەدەن.