ژمارەیەک کۆڵبەری منداڵ - وێنە: رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
لە رۆژهەڵاتی کوردستان
پێنج کۆڵبەر بریندار کران
964+
توانا نەقی
بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەکانی ئێران پێنج کۆڵبەر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بەسەختی بریندارکران.
ئەمڕۆ شەممە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، لە رۆژی چوارشەممەوە، ئیحسان عەبدوڵازادە تەمەن 19 ساڵ، زانیار تەمەن 25 ساڵ و کەریم خەڵکی بانە حەیدەر و ئیدریس بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە سەختی بریندارکران.
دەشڵێت، “هێزەکان لەگەڵ هەڕەشەی کوشتن لەو هاوڵاتیانە، ناچاریان کردوون کە پەیوەندی بە فریاکەوتنەوە بکەن لەبەر ئەوەی پێویستیان پێی دەبێت و دواتر داوایان لێیان کردوون کە لەو شوێنە هەڵبێن، پاشان لە مەودای دوو مەترەوە و لە پشتەوە تەقەیان لێ کردوون”.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە یەکێک لە بریندارەکان هەردوو قاچی لە پشتەوە و یەکێکی دیکەیان قاچی چەپی بەسەختی بریندارکراوە، بارودۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
پێشتر ئەرسەلان یارئەحمەدی، سەرۆکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بە 964ـی وتبوو، “لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەر رۆژێک کۆڵبەرێک بە گوللـە بریندار کراوە، یەکێکیان نەبێت لە سنووری پارێزگای کرمانشا بووە، ئەوانی دیکە هەموویان لە سنووری پارێزگای سنە بوون”.