دەزگای لوتکە وا دەڵێت
لە ترسی دیپۆرتکردنەوە پەنابەران هەوڵی خۆکوشتن دەدەن
964+
ئەحمەد مستەفا
بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتی خۆیان یان بۆ وڵاتی سێیەم وایان لێدەکات، هەوڵبدەن کۆتای بە ژیانی خۆیان بهێنن و چەندین کاری مەترسیداری دیکە بۆ ئەوەی دیپۆرتنەکرێنەوە، ئەمە قسەری دەزگای لوتکەیە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران.
بەپێی زانیاریەکانی ئەو دەزگایە بێت، رۆژی 8.3.2024، چەند پەنابەرێکی بە بنچە سوری لە وڵاتی لوبنان وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە دیپۆرتکردنەوەیان بۆ سوریا هەوڵیانداوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن.
ئەمڕۆ شەممە 9.3.2024، ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بە 964ی وت، ئەو چوارە پەنابەرە لە رەگەزی نێر بوون، و هەوڵیانداوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن بە هەڵواسینی خۆیان لە زیندانی ناوەندیی (رومیە) لە رۆژهەڵاتی لوبنان وەک دەربڕینی ناڕازی لە بەرامبەر دیپۆرتکردنەوەیان.
بە قسەی ئەو بێت، هەوڵی ئەو کەسانە بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانیان سەرکەوتوو نەبووە، چونکە لە دوایین ساتەکاندا دەسەڵاتدارانی زیندانەکە دەستوەردانیان کردووە و سێ کەسیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، کە لە هەمان کاتدا حکومەتی لوبنان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانەکەی بۆ دەرکردنی زۆرترین پەنابەری سوری.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە، ئەو پەنابەرانەی کە لە لوبناندا دەستگیرکراون لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە، نزیکەی 400 دەستگیرکراون کە وەک پەنابەر چوونەتە ناو لوبنان و هەڵاتوون لە پێشێلکارییەکانی رژێمی سوریا، ئێستا ترسیان لەوەیە کە رادەستی حکومەتی سوریا بکرێنەوە.
بەدواداچوونەکانی ئەو دەزگایە دەری خستووە، ژمارەی زیندانیانی سوری لە زیندانە جیاوازەکانی لوبنان نزیکەی هەزار و 800 کەسە، هەروەها حکومەتی لوبنان ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنی راگەیاندووە، کە رێگە بە هاوڵاتیانی لوبنانی دەدات “راپۆرتی” سورییەکان و وێنەیان بگرن و بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بنێرن تا دیپۆرتبکرێنەوە.
ئەم پلانانەی حکومەت نیگەرانی بۆ دەسەڵاتدارانی مافی مرۆڤ دروستکردووە، لە ماوەی ساڵی 2023، سەنتەری دەستڕاگەیشتن بۆ مافەکانی مرۆڤ، هەزار و 80 حاڵەتی دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە و 763 حاڵەتی دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێ بۆ سوریا دیکۆمێنت کردووە.