دادەدێ؛ چاوان لەناو چاو جوانەکانی گوندی زیلکانە و چیرۆکەکانیشیان وەک چاویان جوانە
964+
ژووری هەواڵ
گوندی زیلکان کە لە دۆڵی ئالانەی سنووری قەزای خەلیفان هەڵکەوتووە و بە “گوندی چاوشینەکان” ناسراوە، بووەتە وێستگەی ئەمجارەی بەرنامەی (دادەدێ) کە چاوان پێشکەشی دەکات، ستافی بەرنامەکە لە هەر بەیانییەکی زوودا، پێش ئەوەی خەڵکی گوند لە خەو هەڵسن، دەگەنە ئەوێ بۆ ئەوەی بەدوای چیرۆک و وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەیاندا بگەڕێن، چیرۆکگەلێک کە لە ڕووی جوانی و سادەییەوە کەمتر نین لە رەنگی چاوی دانیشتووانەکەی.
لەناو گوندەکەدا وێنەی ژیان و بژێوی بە ڕوونی دەردەکەوێت؛ باوکێکی چاوشین باس لەوە دەکات کە لە خێزانەکەیدا پێنج کەس چاویان شینە و ئاماژە بەوەش دەدات کە زستانەکانیان ساردە، سپیندار لەو ناوچەیەدا زۆرە و بژێویی بەشێکی زۆریان لەسەر ئەوە وەستاوە، لە کاتێکدا بەشێک لە گەنجەکانیان سەرقاڵی خوێندنن، گوندنشینێکی دیکەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژیانی لادێ لەوێ خۆشە، هێشتا کاروبارەکان بە هەرەوەزی دەکرێن و خواردنی کوردی بەشێکی دانەبڕاوی سفرەی ڕۆژانەیانە.
لە گەشتەکەیدا چاوان تێکەڵی ئاژەڵداران دەبێت، خۆی بە دۆشینی بزنەوە سەرقاڵ دەکات و خۆشحاڵیی خۆی بە کەشوهەوای ژیانی گوند نیشان دەدات، بەڵام لەناو ئەو هەموو چاوە شین و جوانەدا بە شێوازێکی گاڵتەئامێز و دڵشکاوانە دەڵێت: “دە تۆزێ مەدحی چاوی منیش بکەن”.