نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری هیچ باش ناڕوات

ئەم ئیشە وەستای خۆی دەوێت

 میدیازان – هونەر فارس – کفری

بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری کفری وەستای شارەزای دەستناکەوێت تا سەرای کفری لەسەر هەمان شێوازی کۆنی خۆی نۆژەنبکاتەوە، کەرەستەی پێویست و پارەش نییە، بۆیە نۆژەنکردنەوەی بە سستی بەڕێوەدەچێت.

ماوەی 10 مانگە بە بودجەی 284 ملیۆن دینار دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری، شوێنەواری کفریش دەڵێت تەنیا ٪45ی کارەکانی تەواو بووە.

عوبێد محەممەد بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری بە میدیازانی وت، “نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری هەندێک کەرەستەی پێویستە کە لێرە دەست ناکەوێت، بۆ نمونە وەک بەردی فەرشەکان، لە سنووری سووریا کەرەستەکەی هەناردەی موسڵ دەکرێت و لە موسڵ دروست دەکرێت و لەوێوە بەدەست ئێمە دەگات.”

دەشڵێت، تەنیا وەستای ئێرانی شارەزان، دەبێت کارەکە بە ئەوان بسپێردرێت.

“سەت ساڵ پێش ئێستا سەرای کفری دروستکراوە”

سەرای کفری، 100 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن بەریتانییەکانەوە دروستکرا، یەکێکە لە شوێنە کەلەپوورییەکانی قەزای کفری، مەترسیی رووخانی لەسەربوو، ئێستا دەست بە نۆژەنکردنەوەی کراوە لەسەر هەمان شێوازی کۆنی خۆی.

رووبەری سەرای کفری 456 مەتر دووجایە، پێکهاتووە لە دوو نهۆم، دوو دەروازەی سەرەکیی هەیە، یەکێکیان لە باکووری قەزاکەیە و ئەوی دیکەشیان لە باشوورە، باڵەخانەکە لە گەچ و بەرد و قسڵ دروستکراوە، ئاسنیش لە سەقفەکانیدا بەکارهاتوە.

سەرای کفری تاوەکو حەفتاکانی سەدەی رابردوو وەک بینای دادگاوچەندین فەرمانگای حوکمی دیکە بەکارهێنراوە.

کامەران مەجید چالاکوانێکی کۆمەڵگای مەدەنیە لە شاری کفری، هۆکاری سستی نۆژەنکردنەوەی سەرای کفری بۆ نەبوونی پارە لە بانکەکاندا دەگەڕێنێتەوە، “سەرەتا کارەکانی زۆر بەباشی بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئێستا سستییەکی زۆری پیوە دیارە، ئەویش هۆکارەکەی ئەوەیە کە گوایە پارە لە بانکەکاندا نییە.”