رەمەزان هۆکارە

بازاڕی کڵاش کزە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

بەهۆی ئەوەی جەژنی نەورۆز دەکەوێتە مانگی رەمەزانەوە، خواست لەسەر کڕینی کڵاش کەمبووەتەوە، فرۆشیارێک دەڵێت، لەبەرئەوەی هاوڵاتیان ئەم نەورۆزە ناچنە دەرەوە بازاڕیان زۆر کزە.

لە جەژنی نەورۆزاندا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ماڵەکانیان جێدەهێڵن، بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی و لەپێکردنی کڵاش دەچنە سەیرانگاکان و نەورۆز پیرۆز دەکەن، بەڵام نەورۆزی ئەمساڵ کەوتووەتە ناو مانگی رەمەزانەوە و چوونەدەرەوە کەم دەبێت.

رەمەزان ئەنوەر، کە ماوەی 20 ساڵە لە شاری هەولێر كڵاش دەفرۆشێت بۆ 964 قسەی کردووە و دەڵێت، بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو جیاوازییەكی زۆر هەیە، ئێستا سێ بەشی خەڵك كلاشی نوێ ناكڕن و كلاشی دەستی دوو دەكرێت، “نەورۆزی ئەمساڵیش كەوتووەتە ناو رەمەزان خەڵك ناچنە دەرەوە، ئەمە بە تەواوی وای كردووە بازار نەمێنێ”.

وتیشی، كڵاشەكانی ئێمە لە هەورامانەوە دەیهێنین، باشترین جۆر لە هەورامان دروست دەكرێت، دوو جۆرمان هەیە نوێ نرخەكەی 30 هەزارە و كڵاشی دەستی دوو نرخی 15 هەزار دینارە”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد