“نۆ ساڵە ناحیەی بالیسان پرۆژەی بەخۆیەوە نەدیوە”

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ناحیه‌ى بالیسان لە دۆڵى خۆشناوه‌تى، کە سەر بە قەزای شەقڵاوەی پارێزگای هەولێرە، نۆ ساڵە پرۆژەی بۆ نەکراوە و تەنیا یەک سەرەمەنهۆڵ و چەند وردە شتێکی بۆ گۆڕدراوە، بەڕێوەبەری ناحیەکە وا دەڵێت.

مه‌هدی مسته‌فا تووتمه‌یی، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى بالیسان بە 964+ی وت، كه‌ له‌ ساڵى 2014 تا 2022 هیچ پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاریی له‌سنوورى ناحیه‌كه‌ی نه‌كراوە.

هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ “له‌و ساڵه‌دا به‌ گشتى پڕۆژه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان راگیرا، كه‌ شه‌ڕی دژی داعیشیش ده‌ستىپێكرد حكومه‌ت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌كرا ئیداره‌ى ئه‌و شه‌ڕه‌ بدات”.

بالیسان لە ساڵی 1999 لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئیداره‌ى سلێمانی) کراوە بە ناحیە، لە ئێستاشدا نزیکەی 15 گوند لە سنووره‌كه‌یه‌تى.

له‌ ساڵى 2022 ده‌ستكراوه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى هه‌ندێ پڕۆژه‌ له‌و سنووره‌، یه‌كێك له‌و پڕۆژه‌ دیارانه‌ش وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌کە ده‌ڵێت، “شه‌قامی سه‌ره‌كى بالیسان تا ده‌گاته‌ ئیداره‌ى شكارته‌، به‌ درێژایی 35 کیلۆمەتر سه‌رله‌نوێ چاكده‌كرێته‌وه”.