کاتی گۆڕینی بۆریی یەکێک لە بیرەکان - وێنە: باخچەکانی سلێمانی
کێشەی ئاوی هەیە؟
چاکسازی لە سەرچاوە ئاوییەکانی باخی گشتیی سلێمانیدا کرا
964+
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی چاکسازیی لە سەرچاوە ئاوییەکانی باخی گشتیدا کرد و بۆریی بیرەکانی گۆڕی، بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت لە جوانکردنی باخەکە بەردەوام دەبن.
باخی گشتی سلێمانی سەرەتا خاوەنی بیرێک و کارێزێک بوو، بەڵام دوای نۆژەنکردنەوەی لە ساڵی رابردوودا، بیرێکی دیکەی بۆ لێدرا و ئێستا بۆ ئاودانی دار و گوڵ و نەمامی باخەکە دوو بیر و کارێزێکی هەیە.
عەلی حامید، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لەبەرئەوەی وەرزی بەهار و هاوین و ئاودان دادێت، بەدواداچوون بۆ بیر و کارێزەکەی باخی گشتی کرا و بۆریی بیرەکان گۆڕدران.
وتیشی، “باخەکە هیچ کێشەیەکی ئاوی نییە، تەنیا چاکسازی لە بیرەکاندا کراوە و هەر کەلوپەلێکی پێویستی بە گۆڕین بووبێت بۆی گۆڕدراوە”.
باخی گشتیی سلێمانی کۆتا جار مانگی نۆی ساڵی 2022 بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە داخرا و دوای زیاتر لە هەشت مانگ کرایەوە و بە دوو قۆناغ 600 ملیۆن دیناری تێدا خەرج کرابوو.
باخی گشتیی سلێمانی ساڵی 1937 لەسەر رووبەری 12 دۆنم زەوی دروستکراوە.