"لە سەوزکردن بەردەوام دەبین"

لە رانییە دوو بلواری نوێ سەوز کران

پێشەوا محەمەد

دوو بلواری نوێ لەناوشاری رانییە سەوز کران، سەرۆکی شارەوانی دەڵێت، لە هەوڵەکانیان بۆ زیادکردنی سەوزایی لە سنوورەکەیان بەردەوام دەبن.

یەکێک لە بلوارەکان هی نێوان رانییە – سەرکەپکان بوو و ئەوی دیکەیان بەشێکی بلواری نێوان رانییە – دەربەند بوو.

بەرهەم رەسوڵ، سەرۆکی شارەوانیی رانییە بە 964ـی راگەیاند، بلواری نێوان رانییە – سەرکەپکان بە داری ئافرا سەوز کراوە و لە لایەن شارەوانییەوە دابین کراوە، بلواری رانییە – دەربەندیش لە لایەن نەمامگەی نێرگزەوە نەمامەکانی دابین کراوە و داری خورما، زەیتوونی زینە و فۆتۆنیای تێدا رووێندراوە.

وتیشی، “دوای تەواوکردنی کاری روواندنەکە سیستمی ئاودێریی بۆ دادەندرێت و ناو بلوارەکانیش چیمەن دەکرێن”.

ناوشاری رانییە 45 باخچە و بلواری تێدایە.

“دەستمان بە زیادکردنی سەوزایی کردووەتەوە، چونکە ماوەیەک وەستابووین و هەوڵی پاراستنی ئەوەمان دەدا کە هەبوو، بەڵام ئێستا دەستمان پێکردووەتەوە و پێش ئەوەی هەر شوێنێک سەوز بکەین بیر لە بەڕێوەبردن و ئاودان و پاراستنی دەکەینەوە”، سەرۆکی شارەوانیی رانییە وای وت.