پارتی سوپاسالاری عێراقی دەوێت

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

پارتى له‌ هه‌وڵدایه‌ پۆستى سوپاسالاری عێراق وەربگرێته‌وه‌، ئەگەرچی تاوەکو ئێستا ناوی هیچ کەسێکی بۆ ئەو پۆستە ئاشکرانەکردووە، بە قسەی پەرلەمانتارێکی ئەو حزبە.

بەپێی زانیارییەکان، لەناو حکومەتی عێراق، پشکی کورد 380 پۆستە، کە هێشتا نزیکەی 200یان پڕنەکراونەتەوە.

سه‌گڤان یوسف، په‌رله‌مانتارى پارتى له‌ عێراق بە 964+ی وت، “پۆستى سوپاسالارى عێراق پشكی پارتیه‌ و له‌لایه‌ن پارتیش پڕده‌كرێته‌وه‌”.

ناوبراو ئه‌وه‌شى وت، كه‌ هێشتا هیچ كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌.

ماوه‌ى 12 ساڵ، پۆستى سوپاسالاری عێراق له‌لایه‌ن بابه‌كر زێباری به‌ڕێوه‌ ده‌برا، به‌ڵام له‌ ساڵى 2015 خانه‌نشینكرا و له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا ئه‌و پۆسته‌ لای كورد نه‌ماوه‌ و كه‌سێك به‌ناوى عوسمان غانمی به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ى ده‌بات.

پۆستێكی دیكه‌ی عێراق كه‌ له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ پڕده‌كرێته‌وه،‌ بریكارى وه‌زیرى داراییه‌، بۆ ئەوەش مەسعود حەیدەر دەستنیشانکراوە، کە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە تویتێکدا سوپاسی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد، کە متمانەی بۆ ئەو پۆستە پێبەخشیوە.

پۆستی بریکاری وەزیری دارایی عێراق بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەلایەن فازل نەبی بەڕێوەبردرا، بەڵام لە ساڵی 2017 لەسەر داوای خۆی و بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خانەنشینکرا.