داوای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 35 دەکەن

هەڵەبجەییەکان واژۆ بۆ قەرەبوو کۆدەکەنەوە

964+

ژووری هەواڵ

رێکخراوێک لەناوبازاڕی هەڵەبجە دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی واژۆی ئەو هاوڵاتیانەی هەڵەبجە کە لەساڵی 1988دا ئاوارەی ئێران بوون بۆ ئەوەی بەپێی یاسای ژمارە 35 ساڵی 2013 قەرەبوو بکرێنەوە.

رێبوار ئەحمەد جێگری سەرۆکی رێکخراوی رزگاربووانی چەکی کیمیایی و سەرپەرشتیاری کۆکردنەوەی هەڵمەتەکە بە 964ی وت، ئێمە دەمانەوێت یاسای 35ی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵەبجەییەکانیش جێبەجێبکرێت هەروەک چۆن بۆ ئەوانەی رەفحا هەر تاکێکی رزگاربوو وەک زیندانی سیاسی موچەیان بۆ بڕاوەتەوە.

ماوەی 11 ساڵە یاسای ژمارە 35ی پەرلەمانی عێراق دەرچووە کەتایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی ئاوارەی ئۆردوگای رەفحای سعودیەو ئەو ئاوارانەی هەڵەبجە کە لەساڵی 1988 لەکیمیایی بارانەکە رزگاریان بووەو چونەتە ئۆردوگاکانی ئێران.

رێبوار ئەحمەد ئەوەشی وت، “تائێستا نزیکەی 400 هەزار واژۆمان کۆکردوەتەوەو هەڵمەتەکەشمان دەبەینە شاری سلێمانی و دواتر لەڕێگەی یاداشتێکەوە دەیدەینە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و داوادەکەین هەڵەبجەییەکانیش بەپێی ناوەڕۆکی ئەو یاسایە قەرەبوو بکرێنەوە”.