لە یادی کیمیاباراندا

سودانی گفتی داوە بە دیاریەوە بچێتە هەڵەبجە

964+

ژووری هەواڵ

ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە نامەیەک داوایان لە محەمەد شیاع سودانی کردووە کە لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا سەردانی شارەکە بکات، ئەویش رەزامەندی دەربڕیوە و وتویەتی بە دەست و دیاریەوە دێم.

ئەمڕۆ دووشەممە 4.3.2024، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی کیمیاباران هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، ئاگادار کراون کە رۆژی 16ی ئازار سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەڵەبجە دەکات و بەشداریی لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست 964 کەوتووە، سودانى بەڵێنى داوە یەک ملیار دینار وەک دیارى بداتە پارێزگاى هەڵەبجە.

هاوکات بەر لە هاتنی سودانی، کەمپینێک بۆ هاوکاریکردنى بەرکەوتوانى چەکى کیمیایی لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت و واژوی نزیکەی سێ هەزار و 300 کەس کۆکراوەتەوە.

رۆژی 19.2.2024، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ 36هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لەگەڵ هەریەک لە جێگرانی پارێزگار و قایمقامی هەڵەبجە و بەڕێوبەری ناحیەکان و بەڕێوبەری گشتی ئەوقاف کۆبویەوە و ئامادەکاریە ئیداریەکانیان بۆ ساڵیادەکە دەستپێکردووە.

گەنجێکی دانیشتووی هەولێر بەپێ بەرەو هەڵەبجە دەچێت

گەنجێکی دانیشتووی هەولێر بەپێ بەرەو هەڵەبجە دەچێت