لەگەڵ هاوڵاتیان و بەرپرسان کۆبووەتەوە

فەرماندەی “سێنتکۆم” سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە

ژووری هەواڵ

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە “سێنتکۆم” سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە لەبارەی شەڕی دژی داعش و قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتیان.

لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 4.3.2024 بڵاویکردووەتەوە، سێنتکۆم دەڵێت جەنەرال مایکڵ ئێریک کورێلا سەردانی شاری رمێلان، کەمپەکانی هۆل و رۆژی و بنکەکانی خەزرا و تەنەفی کرد.

سەردانەکەی کورێلا لە رۆژانی 28 و 29 شوباتدا ئەنجامدراوە و چاوی کەوتووە بە فەرماندە خۆجێیەکانی رۆژئاوای کوردستان و “هاوڵاتیانی ناوچەکە”.

“[کورێلا] لە کەمپەکاندا لەگەڵ کارگێڕان و دەیان دانیشتوو کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گەڕاندنەوەی دەستگیرکراوانی داعش و دانیشتوانی زیانلێکەوتووی ململانێکان [بۆ ناوچەکانیان]”، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا وا دەڵێت.

کەمپی رۆژ و هۆل دەکەونە پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، نزیکەی 45 هەزار ئاوارەی لە خۆگرتووە کە کەسوکاری چەکدارانی داعشن.