گەزیزە عومەر:
“پێویستە ئەکتەرەکانمان خۆیان پڕ چەک بکەن”
+964
دیلان محەمەد – سلێمانی
هونەرمەند گەزیزە عومەر کار بۆ درامایەکی نوێ دەکات و دەشڵێت، کۆڵەکەی پشتی هونەرمەند خوێندنەوەیە و دەبێت خۆیان پر چەک بکەن.
لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە ، ناساندنیان بۆ کتێبێکی ئەکتەری بەناوبانگ مایکێل کین کرد بە ناوی “نواندن لە سینەمادا”، لەمبارەیەوە گەزیزە عومەر تایبەت بە 964 وتی، “ئەم کتێبە ئەزموونێکی باشە و پێویستە خوێندکارانی فیلمسازی بە تایبەت بیخوێننەوە و سوودی لێ بێنن”
گەزیزە عومەر باسی لەوەش کرد، خوێندنەوە کۆڵەکەی پشتی ئەکتەرانە و پێویستە خۆیان پڕ چەک بکەن.
ئێستا بەشێک لە هونەرمەندان دەڵێن قەیران هەیە، لە کاتێکدا بەرهەمێکی زۆری هونەری هەن، بە تایبەت لە سینەمادا، گەزیز عومەر وتی، “لەم دۆخەی کوردستاندا هونەر قورسە، بەڵام هەر چالاکییەک دەکرێت لەم کاتەدا جێگای دەستخۆشییە و دەبێت پشتگیریی هونەری بکرێت.
گەزیزە عومەر ئێستا کار بۆ درامایەک دەکات، کە رۆڵی سەرەکی بۆ خۆیەتی، بەڵام وەک خۆی باسی دەکات کارەکەی هێشتا سپۆنسەری نییە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح