له‌هه‌ڵه‌بجه‌

هۆڵێكى به‌رهه‌مهێنانى قارچك كراوەتەوە باشترین جۆریان بەرهەمهێناوە

964+

عومەر فەتاح – هەڵەبجە

لە پارێزگای هەڵەبجە به‌رێوه‌به‌رایه‌تى كارو راهێنانى پیشه‌یی، بۆیه‌كه‌مجار هۆڵێكى به‌رهه‌مهێنانى قارچكى كرده‌وه‌ و 12 فێرخوازیش لەرێگەی خولێکەوە فێری بەرهەمهێنانی قارچک کراون.

به‌یان عومه‌ر سه‌رپه‌رشتیارو راهێنه‌رى پرۆژه‌كه‌ به‌ 964ى راگه‌یاند، ئەو هۆڵەی دروستکراوە بەگوژمه‌ى زیاتر لە 37 ملیۆن بووە، ئەو 12 دەرچووەی بەشی کشتوکاڵیش راهێنراون چۆن قارچک دروست بکەن، یەکەم بەرهەمی قارچکیان 30 کیلۆ بووە.

بەگوێرەی وتەی سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژەکە، ئه‌و جۆرى قارچكه‌ى ئه‌وان به‌رهه‌میان هێناوه‌ نزیكه‌ى 25 رۆژى پێ چووه‌و  له‌جۆری گوێچگه‌ ماسى یاخود كریستاڵە، ئەم جۆرەیان  له‌بازاردا خواستێكى زۆرى له‌سه‌ره‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كارو راهێنانى پیشه‌یی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ساڵى 2022 دامه‌زراوه‌، پێكهاتووه‌ له‌ پێنج وه‌رشه‌و 12 هۆبه‌و 27 كارمه‌ند، له‌ماوه‌ى رابردوودا 25 خولى پیشه‌یی وه‌ك درومان، كۆمپیوته‌ر، كامێراى چاودێرى، سیسته‌مى ئاو ئاوه‌رۆى ماڵان، جوانكارى خانمان و به‌رهه‌مهێنانى قارچك كردوه‌ته‌وه‌و 352 گه‌نجى كوڕو كچ سودمه‌ند بوون و راهێنانیان پێكراوه‌.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی