فێڵیان لەحکومەت کردووە
سێ بەنزینخانە دەدرێنە دادگا
میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر
لەسەر فرۆشتنەوەی بەشە بەنزینی شوفیران، سێ بەنزینخانە بە ٦٢ ملیۆن دینار سزا دەدرێن و کەیسەکەشیان لە دادگایە.
ئەندازیار سالار محەمەد، سەرپەرشتیاری دابەشکردنی بەنزینی حکومی بە میدیازانی راگەیاند، لەسەر فرۆشتنەوەی بەنزینی حکومی، سێ بەنزینخانە جگە لەوەی سزا دراون، هاوکات کەیسەکەشیان دراوەتە دادگا.
ماوەی دووساڵ دەبێت، بەنزینی پاڵپشتی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەر شوفێران دابەش دەکرێت.
پڕۆسەکە لەسەرەتادا لیترێک بەنزین بە ٦٩٠ دینار بوو، بەڵام دواتر نرخەکەی بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت کرایە ٨٠٠ دینارو، بۆ تاکسیش بەهەمان نرخی خۆی مایەوە کە ٦٩٠ دینار بوو.
ئەندازیار سالار محەمەد، روونی کردەوە کە پڕۆسەی دابەشکردنی بەنزینی حکومی لەژێر چاودێری ورد بەڕێوە دەچێت، بەجۆرێک هەر تانکەرێک لەپاڵاوگە دەچێتە دەرەوە ئەوا تانکەرەکە قفلێکی لێدراوە، کاتێک دەگاتە بەنزیخانەی وەرگرو دابەشکار، کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی سوتەمەنی لە چاوەڕوانی دایە، تەنیا ئەو بۆی هەیە قفڵەکە بشکێنێت.
زیاتر وتی “بۆیە بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت دەستکاری بکرێت، ئەوەیشی کە ئێستا روویداوە لەناو سەنترەی شار نەبووە، بەڵکو دانەیەکیان لە قەزای خەبات، یەکێکی تر لە چۆمان و ئەوەی تریشی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووە، لەو شوێنانە کارمەندی ئێمەی لێ نیە”.
سەرپەرشتیاری دابەشکردنی بەنزینی حکومی، ئاماژەی بەوەدا کە گومانیان هەبوو ئەو بەنزینخانانە، بەنزینەکە دەفرۆشنەوە، بۆیە خرانە ژێر چاودێرییەوە، وتی “ئەوەی خەبات، لیژنەمان بۆی ناردو ٣١ ملیۆن دینار سزا درا، بەڵام ئەوەی سۆران و چۆمان لەڕێگەی ئاسایشەوە ئاشکرا کران و یەکێکیان ١٨ ملیۆن و ئەوەی تریش ١٣ ملیۆن دینار سزا دران”.
زیاتر وتی “جگە لە سزای دارایی، کەیسەکانیشان دراونەتە دادگا”.
بۆ بەنزین، هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر زیاتر هەیە. حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژانە سێ ملیۆن لیتر بەنزین بەنرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکات. لەهەولێر 800 هەزار، سلێمانی و دهۆك هەریەكەیان 600 هەزار لیتر، بەنرخی 800 دینار دەدرێتە ئۆتۆمبێلی تایبەت، ملیۆنە لیترەكەی تریش کە دەدرێتە تاکسی و پاسەکان بەنرخی ٦٩٠ دینار، هەولێرو سلێمانی هەریەکەیان 400 هەزار لیتر، دهۆكیش 200 هەزار لیتر.