لە قەزای دوکان

بەهۆی نەمانی شوێن بۆ خانوکردن سنووری سێ گوند فراوان دەکرێن

964+
بەرزان عوسمان – دوکان

لە سێ گوندی قەزای دوکان شوێن نەماوە بۆ خانووکردن، بۆیە بڕیاردراوە ئەو گوندانە کاری فراوانکردنیان بۆ بکرێت.

ئەو گوندانەی کاری فراوان کردنیان بۆ دەکرێت هەریەکە لە گوندەکانی، (جوبڵاخ، تۆبزاوا و رکاوا)یە، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانیان شوێنی خانوکردنی لێ نەماوە.

سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دوکان، بە 964ی وت، “لەسەر داواکاری دانیشتوانی ئەو گوندانە رێکارەکانی تایبەت بە فراوانکردنی ئەو گوندانەمان دەستپێکردوە بەپێی رێنمایی ژمارە دووی ساڵی2024یی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بەفراوانکردنی سنوری گوندەکان کاری پێویستیان بۆ دەکەین”.

بەوتەی قایمقامی دوکان، نوسراویان کردوە بۆ پارێزگای سلێمانی و رەزامەندی دروستکردنی لیژنەیەکیان وەرگرتووە.

“دوای وەرگرتنی رەزامەندی نوسراو بەرزدەکەینەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ لە رێگەی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی فەرمانی فراوانکردنەکە دەربچێت و بەپێی ئەو نەخشەی پەسند دەکرێت بۆ سنوری گوندەکان، هاوڵاتیانی خەڵکی ئەو گوندانە دەتوانن کاری دروست کردنی خانوو بکەن بە ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکان” سیروان سەرحەد وای وت.

گوندەکانی، جوبڵاخ، تۆبزاوا، رکاوا، سەربەناوەندی قەزای دوکانن و هاوسنورن لەگەڵ یەکتری و ژمارەی دانیشتوانیان زیاترە لە 300 خێزان.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

جوتیارانى سێگردكان زه‌ویه‌كانیان بۆ فراوانكردنى رێگ...

جوتیارانى سێگردكان زه‌ویه‌كانیان بۆ فراوانكردنى رێگایه‌كى كشتوكاڵى به‌خشی