هۆکارەکەی چییە؟

سلێمانی نیوەی ئەو غازەی پێدەگات کە رۆژانە پێویستیەتی

964+

پێشەوا محەمەد

نوێنەری کارگەکانی غاز لە سلێمانی دەڵێت، نزیکەی نیوەی ئەو غازەیان پێدەگات کە رۆژانە پێویستیانە، بەڵام بەوتەی خۆی نەیانهێشتووە تا ئێشتا قەیرانی غاز دروست ببێت.

پارێزگای سلێمانی لە وەرزی سارددا رۆژانە پێویستی بە 400 تۆن غازە، بەڵام ئێستا 222 تۆنی رۆژانەی پێدەگات و ئەوەش وەک پێویست خواستی هاوڵاتیان پڕناکاتەوە.

“ئەو بڕە غازەی دەگات لەم وەرزەدا لە ئاست خواستی هاوڵاتیاندا نییە، بەڵام بەهۆی پلانی دابەشکردنەوە کە بەپێی پێویستی و نەهێشتنی هیچ قۆرخکارییەکەوە قەیران دروست نەبووە”، ئەوە وتەی کۆچەر تاهیر، نوێنەری کارگەکانی غازە لە پارێزگای سلێمانی بۆ 964.

زستانی رابردوو قەیرانێکی زۆری غاز لە سنووری پارێزگای سلێمانی دروستبوو، ئەوەش وای کرد هاوڵاتیان سەردانی بەنزینخانەکان بکەن و بتڵی غازەکانیان پڕبکەنەوە.

کۆچەر تاهیر وتیشی، “ئێستا کێشەیەکی دیکەشمان بۆ دروستبووە، ئەویش ئەوەیە تانکەرەکان لەجیاتی 21 تۆن و نیو کەمتر لە 19 تۆنیان تێدایە”.

نرخی بتڵێک غاز لە کارگەکان بە حەوت هەزار و 500 دینارە و بە هەشت هەزار و 500 دینار دەدرێتەوە بە هاوڵاتیان.

سەبارەت بە هۆکاری ئەو کەمیی غازەی لە پارێزگای سلێمانی هەیە، نوێنەری کارگەکانی غازی سلێمانی وتی، “چەندان جار بەدواداچوونمان کردووە و دەوترێت کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەرهەمهێنانی کەمکردووەتەوە”.

نرخی غازی ئۆتۆمبێل دابەزی

نرخی غازی ئۆتۆمبێل دابەزی