لەمەودوا بە 50 هەزار دینار لە شارەکەی خۆت کۆمپانیاکەت تۆمار بکە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لەمەودوا تۆمارکردنی کۆمپانیاکان تەنیا لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری کۆمپانیاکان دەکرێت و تێچووەکەشەی لە 500 هەزار دینارەوە بۆ 50هەزار دینار کەم کراوەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەت لە زاری بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵانی پێشوودا تۆمارکردنی ناوی بازرگانی تێچوویەکی زۆری هەبووە و لە 500 هەزار تا سەرووی ملیۆنێک دیناری تێ دەچوو. هەروەها بۆ وەرگرتنی ناوی بازرگانی، پێویستی بە رۆتینێکی زۆر هەبوو.

بەڵام ئێستا کارەکە تەنیا لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری کۆمپانیاکان بەڕێوە دەچێت و بە یەک رۆژیش تەواو دەبێت.

بە پێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی گشتیی کۆمپانیاکان، تا ئێستا 31 هەزار و 921 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، 28 هەزار و 579 کۆمپانیایان ناوخۆیین و سێ هەزار و 342 کۆمپانیاش لقی کۆمپانیای بیانین. لە ساڵی 2022ـدا هەزار و 79 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.

بڵند محەمەد ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بە پیدانی تەنها 50 هەزار و هەڵبژاردنی هەر ناوێک ئەگەر ماناداریش نەبێت، بەڵام دژ بە کولتوور و ئادابی کوردەواری نەبێت مۆڵەت بە کۆمپانیاکە دەدرێت.

لای خۆیەوە سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی بە 964+ـی راگەیاند: ئەو هەنگاوە زۆر جێی دەستخۆشییە و پێشتریش گفتوگۆ لەگەڵ ئێمە کراوە.

دەشڵێت، ئێستا لە پارێزگاکان مۆڵەت بە کۆمپانیاکان دەدرێت و ئەوەش هانی زیاتری تۆمارکردنی کۆمپانیا دەدات لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان.