چیرۆکی توانا

سەرما نابینای کرد، بەڵام گۆچانی بۆ کارکردن هەڵگرتووە

964+
محەمەد عەلی – قەڵادزێ

توانا مەحمود تەمەنی 33 ساڵە، لە ساڵی 1991 بەهۆی سەرماوە لە گوندی ئەشکەنە لە پشدەر هەردوو چاوەکانی لەدەست داوە، دکتۆرەکان وتوویانە، دەماری چاوەکانت وشکبوونەتەوە و چارەسەریان نییە.

توانا بە مەلا توانا ناسراوە، خێزاندارە و ماوەی نۆ مانگە لەناو بازاڕی قەڵادزێ، هاوشێوەی کەسانی چاوساغ مێزی داناوە و عەتر و تەسبیح و گۆرەوی و شمەک دەفرۆشێت.

توانا مێزەکەی لەبازاڕ جێگیرەو نایباتەوە ماڵەوە، خۆی بەیانیان دەستی گۆچانەکەی دەگرێت و دێتە بازاڕ و ئێواران دەڕواتەوە و هات و چۆدەکات دەشڵێت، کەدەستی گۆچانەکەم نەگرم ناتوانم بڕۆم.

توانا بەهۆی دەست لێدان، شتەکانی دەناسێتەوە و نرخیان دەزانێت، دەشڵێت بۆ مامەڵەی پارەوەرگرتن، دەبێت کڕیارەکە خۆی پارەکە وردی بکەنەوەو بمدەنێ، من جۆری پارەکان لێک ناکەمەوە، هەرچیەکیان وویست، عەتر یان تەسبیح بوو ئەوانیش پارەکەم پێدەدەن و دەزانن کەنابینام راهاتون لەگەڵم.

توانا جگە لەوەی ئاواتی ئەوەیە، بینای بۆ چاوەکانی بگەڕێتەوە، وتیشی، من لەخانوی کرێدام، و موچەی چاودێری کۆمەڵایەتیم هەیە کە 150 هەزارە، مانگانە 100 هەزار بە خانووی کرێ دەدەم، باشترە حکومەت هاوکاریمان بکات.

وەک وتی، فرۆشی زۆر لاوازە، ئەگەر رۆژێک بای پێنج هەزار شمەک بفرۆشێ، نزیکی دوو هەزار دیناری قازانجە، بەڵام پێی باشترە لەوەی دەستپان بکاتەوە و سواڵ بکات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

چیرۆکی ئەو پیاوەی چەقۆی بردە زیندانەوە

چیرۆکی ئەو پیاوەی چەقۆی بردە زیندانەوە