70 کرێکاری ژینگەپارێز بەشدارن
تا دوو رۆژی دیکە پرۆسەی فڕێدانی پاشماوەی سووتاوی بازاڕی لەنگە بەردەوام دەبێت
964+
فەهمی نەبی
سێ رۆژە 70 کرێکاری ژینگەپارێزی هەولێر، سەرقاڵی لادانی پاشماوەی ئەو ئاگرەن کە شەوی 27.2 لەبازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە، دەوترێ تا دوو رۆژی دیکەش پرۆسەی خاوێنکردنەوەی بازاڕەکە بەردەوام دەبێت.
ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بە 964ی وت، “تا ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی %70ی بازاڕەکە خاوێنکراوەتەوە، بەیانی دەگەینە رێژەی %90 و بۆ دووسبەی پرۆسەکە تەواو دەبێت”.
بۆ ئەوەی پرۆسەکە خێرا بێت و کاتی زۆری پێ نەچێت، ئەو پاشماوەیە نابرێتە زبڵدانی کانی قرژاڵە، بەڵکو لە گۆڕەپانی شارەوانی بەرامبەر بازاڕی لەنگە فڕێدەدرێت، هەر بۆیە نازانرێت بڕی چەند پاشماوە لە بازاڕەکە هەڵگیراوەتەوە، ژیار جەلال ئەمەی وت.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر بڵاویکردوەتەوە، لەپرۆسەی خاوێنکردنەوەی بازاڕی لەنگە جگە لە 70 کرێکاری ژینگەپارێز، چوار شۆفل و 10 قەلاب بەشدارن.
شەوی 27.2.2024 ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، بەپێی راگەیەنراوی پارێزگای هەولێر لە کۆی دوو هەزار و 400 دوکان 166 دوکانی ئەو بازاڕە سووتاون.