بەرێوەبەرى پەروەردەى شارباژێر لەناو یەکێک لەو قوتابخانەنەى پێویستى بە نۆژەنکردنەوە هەیە
شەش بیناى قوتابخانە بە تەواونەکراوى جێهێڵراون
لە شارباژێر 30 ناوەندى خوێندن پێویستى بە نۆەژەنکردنەوە هەیە
وریا فەتاح
لە سنورى پەروەردەى شارباژێر، نزیکەى 30 ناوەند پێویستى بە نۆژەنکردنەوە هەیە و شەش بیناى قوتابخانەش بە تەواو نەکراوى بەجێهێڵراوە.
لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەى شارباژێر بە 964ـى وت، “بەهۆى قەیرانى داراییەوە، نە توانراوە نە قوتابخانەى نوێ دروست بکرێت، نە نۆژەن بکرێتەوە، ئەوەى هەیە بە هەوڵى تاکەکەسى توانیومانە نزیکەى 30 قوتابخانە نۆژەن بکەینەوە”.
لە سنورى پەروەردەى شارباژێر، 99 قوتابخانە و ناوەندى خوێندنى سەر بە وەزارەتى پەروەردە بوونى هەیە، نزیکەى شەش هەزار قوتابى تێیدا دەخوێنن، بەڵام بەوتەى بەڕێوەبەرى پەروەردەى شارباژێر، نزیکەى 30 قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
“شەش قوتابخانە لە سنورى شارباژێر بیناکانیان تەواو کراوە، بەڵام وەک بەشێک لە پڕۆژە تەواو نەکراوەکانى دیکەى کوردستان، جیهێڵراون بەشێوەیەک حکومەت نە تەواویان دەکات نە پارەى پێویستیش بۆ بەڵێندەر خەرج دەکات”. لە تیف حوسێن واى بە 964 وت.
بەڕێوەبەرى پەروەردەى شارباژێڕ دەڵێت، لەماوەى دەستبەکاربوونیدا، بە هەوڵى تاکەکەسى و لە رێگەى سەرمایەداران و خێرخوازان بەردەوام بوون لە نۆژەنکردنەوەى قوتابخانەکان.