دیمه‌نێكی كارى چاككردنه‌وه‌ى رێگاى بالیسان كه وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه ره‌تیده‌كاته‌وه
وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه چاره‌سه‌رێکی كاتى بۆ رێگاى بالیسان ده‌كات
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ده‌ڵێت، چارەسەرێکی کاتی و بەپەلە بۆ بەشە تێکچوەکانی رێگای بالیسان بۆ زینەتیر ده‌كه‌ین و ئه‌و رێگایه چاكده‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌ڕێوه‌بەرى ناحیه‌ى بالیسان پێیوایه ئه‌مه چاره‌سه‌ر نییه، به‌ڵكو چاره‌سه‌رى نۆژه‌نكردنه‌وه‌یەتى له‌رێگه‌ى كۆمپانیاى جێبه‌جێكاره‌وه.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بڵاویكردووه‌ته‌وه، تا ئه‌وكاته‌ى دەست به کارکردن لە کۆی بڕگەکانی پڕۆژەى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى رێگاى دۆڵى بالیسان ده‌كرێت، له‌ئێستادا وەک چارەسەرێکی کاتی و بەپەلە، ئه‌م كاره ده‌كه‌ن.
مه‌هدی مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى بالیسان، بۆ 964 دووپاتیكرده‌وه كه ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه ده‌یكات چاره‌سه‌ر نییه، به‌ڵكو چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ته‌واوى رێگاكه له‌رێگاى به‌ڵێنده‌ر و كۆمپانیاى جێبه‌جێكاره‌وه نۆژه‌نبكرێته‌وه.
وتیشی “ئه‌و چاره‌سه‌ره كاتییه ته‌نیا 10 رۆژێك ده‌خایه‌نێت و تێكده‌چێته‌وه، چونكه ئه‌وان ته‌نیا چه‌وڕێژى رێگاكه ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌ر نییه”.
وه‌ستانى كاركردن له‌و پڕۆژه‌یه وه‌ك پێشتر 964 چه‌ند جارێك به‌دواداچوونى بۆ كردبوو، بەھۆی نەبونی نەختینەو پێنەدانی شایستە داراییەکان بووه به کۆمپانیاى جێبه‌جێكار.
رێگاى دۆڵى بالیسان رێگایەكى ستراتیژى گرنگه، ھەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و سۆران له‌لایه‌ك و ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەولێریش به‌یه‌كه‌وه دەبەستێتەوە، هاوکات بە رێگایەکی بازرگان‌یش دادەنرێت و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین دەبەستێتەوە بە رێگای ھامڵتۆن و مەرزی حاجی ئۆمەران.