لە رێگەی سیستمێک

ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان بەدیجیتاڵی دەکرێت

964+

ژووری هەواڵ

دەستەی دەسپاکی ھەرێم سیستمی دیجیتاڵی ئاشکراکردنی بەرژەوەندییە داراییەکانی راگەیاند و دەڵێت، پێنج سودی دەبێت بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی “کە هێشتا هەڕەشەیە بۆسەر تەواوی سیستەمی حکومڕانی” و لە رێگەیەوە سەروەت و سامانی بەرپرسان ئاشکرا دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28.2.2024، دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمێکدا سیستەمەکەی ناساند کە لە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێک بەشێوەی ئەزموونی کاری لەسەر دەکرێت و دواتر بە فەرمی دەخرێتە کار.

لەپاش کەوتنەکاری سیستەمەکە، بڕیارە ساڵانە دەستەی دەستپاکی بەشێوەی دیجیتاڵی فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامان بڵاوبکاتەوە و دەبێت بەرپرسە باڵاکان فۆڕمەکە پڕبکەنەوە و سامانەکانیان ئاشکرا بکەن.

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لەپاش مەراسیمی ناساندنی سیستەمەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سیستەمەکە ئەم سودانەی دەبێت: پابەندبوونێکی نێودەوڵەتییە، هانی وەبەرهێنان دەدات، متمانەی کۆمەڵگا بە کەرتی گشتی بەهێزدەکات، کاریگەری دەبێت لەسەر دەرئەنجامەکانی پێوانەی هەستکردن بە گەندەڵی و زیادبوونی گرنگی نێودەوڵەتی بەم پرۆسەیە.

“لە هەرێمی کوردستان بە بۆچوونی ئێمە کە چەندین ساڵە لەو بوارەدا کاردەکەین، هێشتا گەندەڵی هەڕەشەیە لەسەر تەواوی پرۆسەی حکومڕانی و رۆڵی خراپ دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە دامودەزگاکانی حکومەت”، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی وای وت.

بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی دەستپاکی، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، 2022 خراپترین ساڵ بووە بۆ گەندەڵی و لەو ساڵەدا 713 دۆسیەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و 77 دۆسیەش لە دادگاکان یەکلایی کراونەتەوە.

دەستەی دەسپاکی: پارساڵ لەسەر گەندەڵی 7000 کەس بانگهێشتی ...

دەستەی دەسپاکی: پارساڵ لەسەر گەندەڵی 7000 کەس بانگهێشتی بەردەم دادگا کراون