لە گەشتی هەواڵەکانەوە

لە باخچەکانی هەولێر دامەنیشن و رەشەباش زیانی بۆ تەندروستی هەیە

964+

ژووری هەواڵ

تا چەند رۆژێک لە ناو گژوگیای پارک و باخچەکانی هەولێر دامەنیشن و خواردن مەخۆن، لەبەر ئەوەی دەرمانی لەناوبردنی گژوگیا رشێنراوە
سەروەر وەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە 964ـی وت، ئەو دەرمانەی رشتوویانە تا 10 رۆژ کاریگەری لەسەر هاوڵاتیان دەبێت و دوای ئەو ماوەیە گژوگیاکە بەتەواوی زەرد دەبن و نامێنن، بۆیە دەبێت هاوڵاتیان ئەم چەند رۆژە دانەنیشن لە باخچە و پارکەکان، وتیشی، تەواوی پارک و باخچە و دوورگەی ناوەندی شەقامەکان دەرمانڕێش دەکەن و تەنیا دەورووبەری قەڵای هەولێر ناگرێتەوە.

لای خەڵک وابوو تەنیا خۆڵبارین کێشەی تەندروستی و هەناسە تەنگی و رەبۆ بۆ هاوڵاتیان دروستدەکات کەچی ئێستا بە قسەی تەندروستی رەشەباش گرفتی زۆری تەندروستی دروستدەکات.
دکتۆر رزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بە 964ی وت، “ئەم رەشەباو و وشكە سەرمایە، كاریگەری هەیە لەسەر نەخۆشییە درمەكانیش، بەتایبەت نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە، پەتای وەرزی، كۆڕۆنا، هەوكردنی كۆئەندامی هەناسە و كۆكە و هەڵامەت”.

14 رێکخراوی گەرمیان، کەمپینێکی پێنج رۆژەیان بۆ زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی گەرمیان راگەیاند، نزیکەی 22 ملیۆن دیناریان کۆکردوەتەوە.
لە 15.2.2024 بەھۆی شەپۆلێکی بەھێزی باران بارین لە گەرمیان ،220 ماڵ زیانیان بەرکەوت.
ھەیفا مەجید، سەرۆکی رێکخراوی شۆخ بە 964ى وت، “کەمپینەکەمان جیاوازبوو لە کەمپینەکانیتر، خۆمان سەردانی بازرگان و کەسایەتی و فەرمانگەکانی سنووری ئێدارەی گەرمیانمان کردوە بۆ کۆکردنەوەی ھاوکاری و بەسەر ئەو ماڵانەدا کە زیانیان بەرکەوتووە دابەشی دەکەن.