لە وەقایع بڵاوکرایەوە

رێنمایی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتی کرێکاران دەرچوو

ژووری هەواڵ

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، دوای 32 ساڵ لە حوکمڕانی هەرێم، بۆ یەکەمجار رێنمایی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی دەردەکات و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 26.2.2024، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، مەبەست لە رێنماییەکان پاراستنی ژیانی کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەتە لە شوێنی کاردا و پابەندکردنی خاوەنکار و کرێکارە بە مەرجەکانی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی.

لە مادەی 8ـی رێنماییەکانی وەزارەتی کاردا پێنج بڕیار لە بەرژەوەندی کرێکار دەرچوون کە ئەمانەن:

1 – ئەو کرێکارانەی لە کارگەکان کاردەکەن پێویستە هەر شەش مانگ جارێک، پشکنینی پزیشکی لە یەکێک لە تاقیگە بڕواپێکراوەکانی وەزارەتی تەندروستی ئەنجامبدات.

2 – خاوەن کار کارئاسانی و بەدواداچوونی ئەنجامدانی پشکنینەکانی پزیشکی لەکاتی خۆیدا بکات و وێنەیەک لە ئەنجامی پشکنینەکان لە دۆسیەیەکی تایبەت بە پشکنینە پزیشکییەکان بپارێزێت بۆئەوەی لەکاتی سەردانەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بخرێتە بەردەست.

3 – پێویستە لەسەر پزیشک لەبارەی دۆخی نەخۆشییە پیشەییەکان و حاڵەتە مەترسیدارەکانی کرێکار، لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکاتەوە.

4 – لەو پرۆژانەی کە بتڵی غاز تیایاندا بەکاردێت، دەبێت ناوی جۆرە غازەکە لەسەر بتڵەکە بنوسرێت و ئامرازی تایبەت هەبێت بۆ گواستنەوەیان بۆ شوێنی مەبەست، نابێت غازی ئۆکسجین نزیکبێت لەو مادانەی کە زوو گڕدەگرن.

5 – سەرجەم ئەو خزمەتگوزاریی و کەلوپەلانەی دابیندەکرێت بۆ تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لەشوێنی کار بۆ کرێکاران بێبەرامبەرە بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک لە کرێکارەکە وەربگیرێت یان ببڕدرێت لە موچەکەی لەبەرامبەریدا.

بۆ خوێندنه‌وه‌ى ته‌واوى رێنماييه‌كان، سه‌ردانى ئه‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌ (ڕێنماييه‌كان)