زیاتر لە دوو ساڵ هەڵبژاردن دواکەوتووە

بەگوێرەى مەرسومێکى هەرێمى دەبوو ئەمڕۆ هەڵبژاردن بکرایە

964+

ژووری هەواڵ

نزیکەی حەوت مانگ بەر لە ئێستا سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ جارى سێیەم مەرسومێکی دەرکرد و 25ى شوباتی بۆ ئەنجامدانى خولى شەشەمى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکرد کە دەکاتە ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند کە ناتوانن لەو رێکەوتەدا هەڵبژاردن بەڕێوەببەن.

لەپێش مەرسومە هەرێمییەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لەرۆژى 3ى ئابى 2023 دەریکرد، دوو جاری دیکە رێکەوتی 1.10.2023 و 18.11.2024 دیاریکراون بۆ هەڵبژادن، بەڵام لەو رێکەوتانە و تا ئەمڕۆش هەڵبژاردن نەکراوە.

نزیکەی دوو ساڵ و پێنج مانگ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەکەی خۆی دواکەوتووە، ناکۆکى لایەنە سیاسییەکان لەسەر یاساى هەڵبژاردن و چەندین جار دواخستنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی چەند مادەیەک لە یاسای هەڵبژاردن لەو هۆکارە سەرەکیانەن کە هەڵبژاردن نەکراوە.

دادگای فیدراڵی عێراق 11 دانیشتنی لەبارەی ئەو سکاڵایە دواخستبووە کە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوو، دواجار لە 12ـهەمین دانیشتندا لە رێکەوتی 21.2.2024، دادگاکە سکاڵاکەی یەکلا کردەوە و بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان و هەرێمی کوردستانی لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە کرد بە چوار بازنەی هەڵبژاردن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، 964 لە سەرچاوەیەکی نێو کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق زانیویەتی، هەرکاتێک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت، سێ بۆ چوار مانگیان پێویستە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانەکەی بکەن، بۆیە ئەگەر لەم مانگەدا وادەکەی دیاریبکرێت ئەوا دەتوانن لە مانگی حوزەیراندا هەڵبژاردنەکە بکەن.

بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى کێشە بۆ هەڵبژاردن دروست دەکا...

بڕیارەکەى دادگاى فیدڕاڵى کێشە بۆ هەڵبژاردن دروست دەکات؟