چەند کارمەندێک لە کاتی دەرمانرشتندا - وێنە: شارەوانیی رانییە
شارەوانی هۆشداری دەدات
لە رانییە گیای بەهاریی ناو باخچەکان نەخۆن
964+
پێشەوا محەمەد
شارەوانی رانییە داوا لە هاوڵاتیانی شارەکە دەکات ئەم ماوەیە گیای بەهاریی ناو باخچە و پارکەکان نەخۆن، چونکە دەرمانی دژە گیای بەهاری دەڕشێنن و بۆ تەندروستییان خراپە.
شارەوانییەکە هیچ پۆستەر یان نووسراوێک بەو باخانەوە ناکات کە دەیانڕشێنێت، بۆیە دەبێت هاوڵاتیان وریا بن و لە هیچ باخێک گیای بەهاری نەکەن.
بەرهەم رەسوڵ، سەرۆکی شارەوانی رانییە بە 964ـی راگەیاند، ئێستا وەرزی رشاندنە بۆ لەناوبردنی گیای ناو باخچەکان، بۆیە تیمەکانیان دەستیان پێکردووە و بڕیار وایە تا سەرەتای مانگی رەمەزان تەواوی بکەن.
شارەوانیی رانییە خاوەنی 45 باخچە و پارکێکی گەورەیە.
سەرۆکی شارەوانیی رانییە وتیشی، “لەناو باخچەکان گژوگیای بەهارە هەیە، کە هاوڵاتیان حەزیان لێیەتی، بۆیە دەبێت ئاگادار بن چونکە ئەو دەرمانەی دەڕشێندرێت کیمیاییە و زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت”.
964 پرسیاری ئەوەی لە بەرهەم رەسوڵ کرد، کە ئاخۆ هیچ نووسراوێک بەو باخچانەوە دەکەن کە دەیانڕشێنن، تا هاوڵاتیان ئاگادار بن، لە وەڵامدا وتی، “بیریان لەوە نەکردووەتەوە و هیچ نووسراوێک هەڵناواسن، بەڵام هەر باخێک دەڕشێندرێت هاوڵاتیان دەزانن، چونکە تانکەری ئاو و کەرەستەکان و کارمەندەکان دەبینن کە دەیڕشێنن”.