بینای یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان - وێنە: 964
بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون
ئەمڕۆ کۆتا رۆژی پڕکردنەوەی فۆڕمی کەمئەندامانە
پێشەوا محەمەد
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەو وادەیە کۆتایی دێت، کە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمئەندامان دیاری کرابوو، سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامان دەڵێت، هەرچی وەرینەگرتووە بچێت فۆڕمەکە پڕبکاتەوە.
لەناو پڕۆژەی ژیانەوە لە گەڕەکی قولەرەیسی شاری سلێمانی 240 یەکە بۆ کەمئەندامان دیاری کراوە و دوای پڕکردنەوەی فۆڕم وردبینییان تێدا دەکرێت و بەسەر شایستەکاندا دابەش دەکرێن.
سامان حسێن، سەرۆکی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، لە چواری ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ فۆڕمیان بە کەمئەندامان داوە و ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ پڕکردنەوە و گەڕاندنەوەی فۆڕمەکان و ئیدی کۆتایی پێدێت.
دەشڵێت، لە سنووری یەکێتییەکەیان نزیکەی 16 هەزار کەمئەندام هەیە، “تا ئێستا سێ هەزار و 500 کەمئەندام فۆڕمیان بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە پڕکردووەتەوە”.
مەرجی وەرگرتنی ئەو یەکانە ئەوەیە پێویستە ئەندامی یەکێتیی کەمئەندامان بێت، موچەی هەبێت، سوودمەند نەبووبێت و تەمەنی لەسەرو 18 ساڵەوە بێت و هیچ موڵکێکی بەناوەوە نەبێت.
سامان حسێن وتیشی، “پێشەکیی یەکەکان نزیکەی پێنج هەزار دۆلار دەبێت و مانگانەکەشی 150 هەزار دینار دەبێت”.