پڕۆژەیەکی رێگاوبان لە شاری هەولێر - وێنە: شارەوانیی هەولێر
بەهۆی قەیرانی داراییەوە
بەڵێندەران داوای هەژمارنەکردنی ئەو وادەیە دەکەن کە کارەکانیان وەستاوە
964+
پێشەوا محەمەد
یەکێتیی بەڵێندەران داوا دەکەن ئەو ماوەیەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکانیان وەستاوە بۆیان بسڕێتەوە و حساب نەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە چوونەتە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێم.
رزگار جەمال، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەران بە 964ـی وت، “لە ساڵی 2014ـەوە نزیکەی دوو هەزار و 500 پڕۆژەمان وەستاون و بەشێکیان کەوتوونەتەوە ئیش و زۆرینەیان هەر وەستاون، هۆکارەکە قەیرانی دارایی بووە و حکومەت پارەی نەداوینەتێ، بۆیە پێویستە ئەو ماوەیە لە کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە بۆمان حساب نەکرێت و دەربهێندرێت”.
وتیشی، “وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم بەڵێنی دا هەرچی بتوانێت و بەپێی یاسا و رێنماییەکان بۆیان بکات”.
یەکێتییەکە سێ هەزار و 500 ئەندامی هەیە، بەڵام بە وتەی سەرۆکەکەی بەهۆی قەیرانی دارایی و مایەپووچبوونیانەوە تەنیا 300 بەڵێندەریان توانای وەرگرتن و ئەنجامدانی کاری نوێیان ماوە.
سەرۆکی یەکێتییەکە وتیشی، “یەک ملیار دۆلاری بەڵێندەران لای حکومەتە و زۆرێک لە بەڵێندەران بەهۆی قەرزدارییەوە تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی بوون و بارودۆخی ژیانیان تێکچووە”.