هەڵەبجە 30 جوتیاری راهێناوە

هەوڵی بەرهەمهێنانی بنەتۆوی گەنم دەدرێت

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە هەوڵی بەرهەمهێنانی بنەتۆوی گەنم دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش 30 جوتیاری ئامادە کردووە بۆ بەرهەمهێنانی.

ئەو 30 جوتیارە ماوەی نۆ رۆژە لە دەورەیەکدا بوون، کە سێ ئاستی زانستی بووە و هەمووی دەربارەی ئەوە بووە چۆن جوتیارەکان بتوانن بنەتۆو بەرهەم بهێنن.

ستار مەحمود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “ئەو 30 جوتیارە زۆر شارەزا و لێهاتوون و زەویی فراوانیان بۆ بەرهەمهێنانی گەنم هەیە، فێرکران چی بکەن تا بتوانن بنەتۆوی زۆر بەرهەم بهێنن و خولەکە لە لایەن مامۆستایانی زانکۆ و کەسانی پسپۆڕەوە وتراوەتەوە”.

دەشڵێت، ساڵان ئەوان پێویستیان بە کڕینەوەی بنەتۆو و دابەشکردنیەتی بەسەر جوتیاراندا، بۆیە ئەو جوتیارانەیان فێرکردووە چۆن بنەتۆو زیاد بکەن تا ئەوان لێیان بکڕنەوە.

ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت و بە وتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، هەوڵ هەیە ئەمساڵ هیچ بڕێک دیاری نەکرێت و هەموو ئەو گەنمەی بەرهەم دێت وەربگیرێت.

هەروەها وتیشی، “لەگەڵ ئەو 30 جوتیارە لە کاتی بەرهەمهێنان و داچاندن و دروێنەدا بەردەوام دەبین و لە نزیکەوە لەگەڵیان دەبین”، ستار مەحمود وای وت.

هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 120 هەزار تۆن بنەتۆوی گەنمە.