لۆگۆی دەستەی گەشتوگوزار.
بڕیاری دەستەی گەشتوگوزارە
هەرشوێنێک پابەندی بەکارهێنانی زمانی کوردی نەبێت سزا دەدرێت
964+
پێشەوا محەمەد
دەستەی گەشتوگوزار لەگەڵ ئەوەی پابەندیی شوێنە گەشتیارییەکان بە بەکارهێنانی زمانی کوردی رادەگەیەنێت، بەڵام دەڵێت هەر شوێنێک پابەند نەبێت مۆڵەتەکەی بۆ نوی ناکرێتەوە.
بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان لە کاتی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکان یەکێک لە مەرجەکانیان بەکارهێنانی زمانی کوردییە لە تابلۆ و لیستی خواردن و خزمەتگوزارییەکاندا، ئەگەر پابەند نەبێت مۆڵەتەکانیان بۆ نوێ ناکرێتەوە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ـی راگەیاند، بەکارهێنانی زمانی کوردی لە هەموو شوێنە گەشتیارییەکان بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانیشە و خەریکە نزیک دەبنەوە لە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە 100%ـی شوێنەکان.
دەشڵێت، هەرکەسێک چووە هەرشوێنێک زمانی کوردیی تێدا نەبوو ئەوا پەیوەندی بە گەشتوگوزارەوە بکات و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکات.
لە هەرێمی کوردستان 714 کافتریا، 10 شاری یاری، 589 رێستۆرانت، 157 خواردن و خواردنەوە، 599 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری، 54 کۆمەڵگەی گەشتیاری، 460 هۆتێل، 72 هۆڵی ئاهەنگگێڕان، یەک هۆڵی بۆنە تایبەتەکان و 282 ئەپارتمانی راخراو بوونیان هەیە.
“پرسی بەکارهێنانی زمانی کوردی قەدەغەکردنی هیچ زمانێکی دیکە نییە، تەنیا مەبەستەکە ئەوەیە زمانە کوردییەکە سەرەکی بێت و دواتر بە چەند زمانی دیکە دەنووسرێت رێگاپێدراوە”، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار وای وت.