نموونەی خانووێکی پلاستیکی لە کوردستان - وێنە: کشتوکاڵی بازیان
لە بازیان
150 خانووی پلاستیکی زیانیان بەرکەوتووە
964+
پێشەوا محەمەد
باران و لافاو زیانی بە 150 خانووی پلاستیکی کشتوکاڵی گەیاندووە، کە لە قەزای بازیان دروستکراون، کشتوکاڵی بازیان دەڵێت، سەرقاڵی وردبینین لە زیانەکان.
قەزای بازیان نزیکەی 16 هەزار خانووی پلاستیکی کشتوکاڵیی تێدایە، باران و لافاوی هەفتەی رابردوو زیانی پێگەیاندوون و هێشتا کشتوکاڵی بازیان نەگەیشتووتە دوورەدەستەکان، تا بزانێت بە تەواوی چەند خانوو زیانیان بەرکەوتووە.
زانیار تۆفیق، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بازیان بە 964ـی راگەیاند، ئەو خانووە پلاستیکیانەی زیانیان بەرکەوتووە هی 40 بۆ 50 جوتیارن.
وتیشی، “هێشتا لە گەڕان و پشکنینداین، بەڵام بە نزیکەیی زیانی 40 ملیۆن دینار بەر ئەو جوتیارانە کەوتووە، کە لافاو تێکیداون.
ئەو خانووە پلاستیکییە کشتوکاڵییانە زۆرینەیان خەیار و تەماتەیان تێدا بەرهەم دەهێندرێت، ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە هەیانە شیشەکانی شکاون و هەیانە تەواوی خانووەکە بە تەواوی تێکشکاوە.
“ئێمە لە لایەن قایمقامییەتەوە پێمان وتراوە قەبارەی زیانەکان تۆمار بکەین، بەڵام نازانین ئاخۆ ئەو جوتیارانە قەرەبوو دەکرێنەوە یان نا”، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بازیان وای وت.