چوار ساڵە باس دەکرێت

چوار ساڵە مۆزەخانەی سلێمانی چاوەڕێی 250 هەزار دۆلارەکەی ژاپۆنە

964+

ژووری هەواڵ

ئاژانسێکی ژاپۆنی ماوەی نزیکەی چوار ساڵە پرۆپۆزەڵێکیان ئامادەکردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی هۆڵ و مەعرەزەکانی مۆزەخانەی سلێمانی، بەڵام “بەهۆی رۆتیناتی زۆر” تا ئێستا نازانرێت کەی دەستپێدەکەن و هەر جارەو بە هۆکارێک دوادەکەوێت.

بە گوێرەی پرۆپۆزەڵەکە، ئاژانسی جایکای ژاپۆنی نزیکەی 250 هەزار دۆلار تەرخان دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی هۆڵەکانی نمایشکردنی شوێنەواری سلێمانی، کە خۆی دەبینێتەوە لە دانانی رووناکی و دانانی ئامێر بۆ دیاریکردنی رادەی شێی مەعرەزەکان و دابینکردنی ئەمنییەتی زیاتر بۆ کەلوپەلەکانی مۆزەخانەکە.

نۆژەنکردنەوەکە لەلایەن چەند تیمی ژاپۆنی جێبەجێدەکرێت، کە ئاژانسەکە خۆی دابینیان دەکات، بڕیارە هۆڵەکانی نمایشکردنیش نۆژەنبکرێنەوە و رێکخستنیان بۆ بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 20.2.2024، کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەرێم بە 964ـی راگەیاند، جێبەجێکردنی پرۆژەکەی جایکا زۆر دواکەوتووە، هۆکاری ئەم دواکەوتنەش بەشێکی پەیوەندی بە ئاژانسەکە خۆی هەیە، کە دەیەوێت رێکارە یاساییەکان ببڕێت، ئینجا دەستپێبکات، “جارێک داوای رەزامەندی حکومەتی عێراق و جارێک داوای رەزامەندی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەکات”.

هەر ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاژانسی جایکا باسی لە پرۆپۆزەڵەکە کردووە و وەزارت “جەختی لە هاوئاهەنگی و هەر جۆرە هاوكارییەك و ئاسانكارییەك كردووەتەوە”.

ئاژانسی هاریکاری نێودەوڵەتی ژاپۆن (جایکا) لە ساڵی 2003 دامەزراوە و یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، ئێستاش ژمارەیەک پرۆژەی ئاو و خزمەتگوزاری دیکە لە شارەکانی هەرێم جێبەجێ دەکات.

مۆزەخانەی سلێمانی ئاسەواری نەبینراوی نمایشکردووە

مۆزەخانەی سلێمانی ئاسەواری نەبینراوی نمایشکردووە